ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکانئ ناوەندی هەواڵگری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانkmmk، سەرلە بەیانئ ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ی کوردی، حوکمی ئێعدامی ڕەزا ڕەسایی زیندانی سیاسیی لە زیندانی حکوومەت لە دیزەڵاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.
بەرپرسانی زیندانی دیزەڵاوای کرماشان لە دواییدا دەستراگەیشتنی ڕەزا ڕەسایی بە تێلەفوون و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی لێ بڕیبوو.
ڕەزا ڕەسایی ٣٤ساڵ تەمەن لە ڕەزبەری ٢٧٢٣ی کوردی لەلایەن لقی دووی دادگای سزاکانی یەکی پارێزگای کرماشان بەتۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بە کوشتنەوە مەحکووم کرابوو. ئەم حوکمە دواتر لە ڕۆژانی کۆتایی سەرماوەز لەلایەن لقی ١٧ی دیوانی باڵای وڵات پەسند کرا.
ئەم حوکمە لە کاتێکدا لە دیوانی باڵای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پەسند کرا کە دادنامەی دەرچوو لەلایەن دادگای یەکەمەوە چەنددین کەمووکوڕێ جەوهەری و فەرمی هەبوو.
لە حوکمی دەرچوو لەلایەن دادگای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، غوڵام(ڕەزا) ڕەسایی بە کوشتنی نادر بەیرامی سەرۆکی ئیدارەی تیرۆریستی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان تۆمەتبار کرابوو.
نادر بەیرامی لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی، لەڕەوتی ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی لە شاری سەحنە لە ئەنجامی تێهەڵچوون و هێرشی هێزە ئەمنیی و ئینتزامییەکان بۆ سەر خۆپیشاندەران لە ڕەوتی ئەو تێهەڵچوونەی نێوان هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان کوژرا.
ق.ش