نامەی لوقمان و زانیار مورادی دووبەندکراوی سیاسی کورد بۆ هەواڵنێری تایبەتی ڕێخراوەی نێو دەوڵەتی خاتوو عاسمە جەهانگیر

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: زانیار ولوقمان مورادی دوو بەندکراوی سیاسی کورد ماوەی ۸ ساڵە لە ژێرحوکمی ئێعدامدان ودەزگایی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران تائێستە بەرانبەر بە داواکاری ئەوان بۆبەڕێوەچوونی دادگایی کردنێکی سەرلەنوێ ودادوەرانە ونواندنی شایەتحاڵ وبەڵگەی گونجاو وپۆشتەکراو لەلایەن پارێزەرەکەیانەوە، کە بێ تاوانبوونیان دەسەلمێنێ، بایەخێکی نەداوە وئەم دوو زیندانییە هەروەها لەبێ چارەنووسی و دەسخەرۆیی و وەهمی ئێعدامدان.

ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لەنامەیەکدا کە وێنەیەکی بەدەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە بۆ هەواڵنێری تایبەتی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران، بەم چەشنە دەنووسن کەلە خوارەوە هاتووە.

بۆ بەڕێز خاتوو عاسمە جەهانگیر

 

هەواڵنێری تایبەتی شۆرای ماف مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بەئێران

لەگەڵ ڕێزو حورمەت

ئەم نامەیە لەلایەن ئێمەوە زانیار ولوقمان مورادی دووکەس لەبەندکراوانی سیاسی کورد مەحکووم بەئێعدام نووسراوە. ئامانجی ئێمە گلەیی و سکاڵا وپاڕانەوە لەهەمبەر ئەو هەموو ڕەنج وئازارانەی کەلەم ساڵانەدا چێشتوومانە نییە. ئێمە هەردووک ماوەی ٨ساڵە کە بووین بەقوربانی یارییەکی سیاسی وسیناریۆیەکی ساختەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە. تەنیا ئێعدامییەک دەتوانێ دەرکی پێ بکات کەئەم هەموو ساڵە لەژێر حوکمی ئێعدام دابوون وکاڵەبوونەو واتای ژیان وهیوا لەدڵماندا چ ڕەنجێکی بۆ ئێمە هێناوەتە ئاراوە.

ئێمە گەرهەرچی لە لێپرسینەوە وئەشکەنجە گرانەکانمان هەرچیک بڵێین کەممان کوتووە. هێشتا ترس و سامی ئەو ڕۆژوشەوانە قورسایی دەهاوێتە هەناومان وئاسەواری ئەو ئەشکەنجانە لەسەر لەشمان دەردەکەوێ. ئاسەواری زەبری مشت وپێ لەقە لەگرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە، چەشنی خاچ هەڵواسین، قامچی لێدانی یەک لەدوای یەک لەهەموو شوێنەکانی جەستەمان، وەک خۆی ماوەتەوە. ئەشکەنجەگەلێک کە لەوپەڕی هۆڤایەتی وناجوامێرانە بوو. هەڕەشەی دەسدرێژی جنسی وجنێو وسوکایەتی قیزەون بە نیشان دانی شوشەی کۆلا کە بەستبوویان بەو کورسیانەوەی وائێمەشیان پێوە بەستبوون وهەڕەشەی بەردەوام بۆ دەسدرێژی جنسی، ترس و وەهمی ڕۆژ وشەوانی ئێمە بوو. وەبیر هاتنەوەی جنێو وهەڕەشەی لەڕادەبەدەر کە لەبنەماڵەکانمان دەکرا بەردەوام ئازار دەدات بە ڕۆح وهەناومان.

هەنووکە هەشت ساڵە لە سەردەمی دەسبەسەریمان تێدەپەڕێڜ

سەردەمێکە هەر ڕۆژ وکاتژمێرێکی بەئەشکەنجەی ڕۆحی وجەستەیی، لەگەڵ سوکایەتی وبێ نرخ نواندندا هاوکات بوو. تێپەڕینی ئەم ساڵانە بەئاگاداربوون لەحوکمی ئێعدام لەڕاستیدا ئازار وئەشکەنجەی بۆ چەندد قات کردوینەوە. ئەمە لەحاڵەتێکدایە کەبێ تاوانیمان لەم دۆسیەیەدا تەنانەت لەلای بەرپرسانیی قەزایی ڕوون بۆتەوە.

لەسەر ئەم مژارە ساڵانی پێشوو شرۆڤە وشیکاری تەوامان لەسەر نادادوەری ویاساشکاندنەکانی ڕەوتی لێپرسینەوە وگرنگی پێنەدانەکانمان پێشکەشی ڕێزدار ئەحمەد شەهید کردووە وهەروەها لەناوبراویش داوای هاریکاری ویارمەتیمان کردووە.

جێگەی باسە کە ڕێوڕەسمی دادگایی کردن بەئامادەبوونی بەڕێز ساڵح نیکبەخت پارەزەری ئێمە لەڕێکەوتی ۵ ی گەلاوێژی ۱۳۹۳ بەمەبەستی پێڕاگەیشتن وئاوڕدانەوە لەسەر دۆسیەکە بەڕێوەچوو کەبە دان پێدانانی دادوەر دۆسیەکە ناتەواوە وهەڵگری مەحکووم کردن نییە.

لەماوەی چەندد ساڵی بەرێ دا دۆسیەکەمان لەلایەن لقی لێپرسینەوە (بازپرسی) لەچەندد قۆناغدا بۆ تۆکمەکردن وسڕینەوەی کەم وکوڕییەکان نێردراوەتەوە بۆشاری مەریوان؛ بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵام ونیشانە، دۆسیەکە بەناتەوواوی ماوەتەوە. ڕاستی لەمەدایە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەگەری ڕیسوابوونی خۆی پاش ڕاگەیاندنی بێ تاوانی ونەجاتبوونی ئێمە لەتۆمەتە درۆیینەکان، تائەم ساتەوەختە ڕێگری لە پێداچوونەوە بەدۆسیەی ئێمە بۆ دادگاییەکیدادوەرانەکردووە.

هەرلەدەسپێکی دەسبەسەرکرانەوە بەعۆکارگەلێکی هەرەزۆرەوە دیاربوو کە هۆکاری لەپاڵنانی تۆمەتی لەو چەشنە شتێک جگە لەیەکلایی کردنەوەی حسێبێکی سیاسی نییە.

ڕق وقین ودوژمنکارییەکانی حکوومەتی ئێران بەرانبەر بەباوکی یەکێک لەئێمە (زانیار مورادی) کەلەچالاکانی سیاسی وئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە هۆکاری سەرەکی وەها دۆسییە نانەوەیەکی نەمایشی بۆئێمە بووە. تەنانەت کۆماری ئیسلامی تائێستە چەندد جار دەستی داوەتە تێرۆری ناوبراو کەهەموویان بێ ئەنجام بوون.

لەکۆتایی ووتەکانماندا، لەبەڕێزتان وەکوو هەواڵنێری تایبەتی مافی مرۆڤ داواکارین کەبەدواداچوونی چڕوپڕ بۆداواکارییەکەمان بکەنو داوا لەهەموو ڕێخراوە و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بکەن کە لەهەمبەر بەڕێوەچوونی دادگایەکی دادوەرانە و لەکۆتایی دا ئازادی ئێمە دەسپێشخەری بکەن.

 

لەگەڵ ڕێزماندا_زانیار و لوقمان مورادی

بەندیخانەی ڕەجایی شار

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان