بێسەروشوێن بوونی گوماناوی ژاکان باران، شاعیری ئیلامی

ک.م.م.ک:

به پێی ڕاپۆرتەکان، ژاکان باران، شاعیر و زیندانی سیاسی پێشووی خەڵکی شاری مەلیکشایی ئیلام، به هۆی گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، چەند ساڵ پێش، ناچار بووه زێدی خۆی جێ بهێڵێت و له هەرێمی کوردستان نیشتەجێ ببێ.

ژاکان باران دوای بێ‌ئومێدی له داواکارییەکانی له چەندین رێکخراوی مافی مرۆڤ و باڵوێزخانەی وڵاتە ئەورووپاییەکان، کەوتە داوی قاچاخچییەکان و هێزە ئیتلاعاتییەکانی رژیمی ئێرانەوە و له رۆژی چواری خاکەلێوە، پاش بڕینی سنووری ئێراق بۆ تورکیه، هیچ زانیارییەک لە سەر ئەم هاووڵاتییه لە بەردەستدا نییه.

جێی ئاماژەیه، ژاکان باران دوایین پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێکانی لە نزیک سنووری تورکیا ئەنجامداوە و ئەمەش وایکردووە ئەگەری تیرۆر یا ڕفاندنی ناوبراو، لە دڵنیایی نزیک بێتەوە.

شایانی باسه، کە ئەو کەسەی کە هەوڵی ئامادەکردنی کاروباری سەفەری ژاکان بۆ ئەورووپای دەدا، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە کەسێکی ساختەچی و هاوکارێکی دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە. ئەو کەسه لە دوای دیارنەمانی ژاکان بارانەوە، لە قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی خۆی دەپارێزێت و دەڵێت ئەو قاچاخچیانەی کە ژاکان بارانیان لە عێراقەوە گواستووەتەوە بۆ تورکیا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئەودا نەبووە و ئەم گروپە بە ئارەزووی خۆیان ئەم چالاکە سیاسییەیان لە سنوور دەربازکردووه.

خ.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *