ڕاگوێزی زیندانی سیاسی کورد لە ئەراک بۆ تەبەس

گیراوێکی سیاسیی کورد کە ماوەی شەش ساڵە لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەند کراوە، بۆ تێپەڕکردنی دەورەی دووهەمی حوکمەکەی، لە گرتووخانەی “ئەراک”ەوە بۆ گرتووخانەی “تەبەس” گوازراوەتەوە.

بەگوێرەی خەبەرێک کە ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ بڵاوی کردۆتەوە، گیراوی سیاسیی کورد سمکۆ خلقەتی، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٨٨ی هەتاوییەوە بەتۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدا بەگشتی بە ١٥ ساڵ سزای گرتووخانە حوکم درابوو، لە گرتووخانەی ئەراکەوە بۆ گرتووخانەی “تەبەس” ڕاگوێزراوە.

ناوبراو، کە خەڵکی شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، خاوەنی مناڵێکی تەمەن نۆ ساڵەیە و لە شەش ساڵی ڕابردووشدا، لە گرتووخانەکانی ئێڤینی تاران، ڕەجایی شار و ئەراک بەند بووە.

خلقەتی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی، بۆ گرتووخانەی تەبەس ڕاگوێزراوە. ناوبراو لە ژێر فشاری ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی تەلەفیزیۆنی کراوە، دیاردەیەک کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە دژی گیراوانی سیاسی پێڕەو دەکرێت.

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆمەتی “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی”، لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتدای داوەتە پاڵ ئەو گیراوە ٣٥ ساڵەیە.

سمکۆ خلقەتی پێشتر لە ٩ی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٢ی هەتاویدا، هاوکات لەگەڵ کۆتایی هاتنی مانگرتنی سێ ڕۆژەی گیراوانی گرتووخانەی ڕەجایی شار، بە بەهانەی بەشداربوونی لە مانگرتنەکەدا، بۆ ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیدا بەند کرابوو.