ئیزە؛ بێ‌وەڵام مانەوەی داواکارییەکەی نگار ئەحمەدی له سەرکۆماری ڕژێمی ئێران

ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی ‏KMMK، نگار ئەحمەدی، خوشکی مەحمود ئەحمەدی گەنجی کوژراوی خەڵکی ئیزە، لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئێران بۆ ئەم شارە، لەنێو جەماوەردا، داوای دانەوەی تەرمی براکە کوژراوەکەی یان دەرخستنی شوێنی ناشتنی کرد.

جێی ئاماژەیه، مەحموود ئەحمەدی و حسەین سەعیدی، دوای هێرشی هێزه ئەمنییەکانی رژیم، بۆ گوندی پڕسوراخ کوژران و لەم هەڵمەتەدا موجاهید کورکور-یش دەستبەسەر کرا. پێشتریش رژێمی ئێران بە ئومید ئەحمەدی ئیسلامی، خاڵی مەحمود ئەحمەدی، بەرتیلێکی یەک ملیاردی بۆ بێدەنگ بوونیان پێشکەش کرد، بە ڕەتکردنەوەی ئەو پێشنیارە، خاڵی گەنجە کوژراوەکە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا. ڕژێمی ئێران هەوڵی داوە بانگەوازی تیرۆریست بوونی ئەو گەنجانە بکات و کوشتنی کیان پیر فەلەک و گەنجانی تری ئیزە بخاتە ئەستۆی ئەو هاووڵاتیانە. ئەمە له کاتێکدایه، ئومید ئەحمەدی لە کاتی رووداوەکانی ئیزەدا، له سەربازگەی ئەرتەش خەریکی سەربازی بووه.

لە درێژەی فایلە ڤیدیۆییەکەدا، نگار ئەحمەدی بە هاوەڵەکانی ڕەئیسی دەڵێت، هەموویان هاتوون بەدوای دوو سێ ملیۆن پارەدا دەگەڕێن، بەڵام من بۆ دۆزینەوەی ئێسکی جەستەی براکەم لێرەم.

شایانی باسه، کە ڕژێمی ئێران هەمیشە بەردەوام بووە له بێسەروشوێن کردنی تەرمی رۆڵەی کورد کە وەکوو وانەیەک بێت بۆ ئازادیخوازان و هەروەها بە مەبەستی سەپاندنی ئازار و مەینەتی زیادە بەسەر بنەماڵەی قوربانییەکەدا و رووخاندن و تۆقاندنی کۆمەڵگای کوردی.

خ.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *