بڕینی پای (لاقی) بەندکراوێکی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ورمێ

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: پای بەندکراوی سیاسی کورد «مۆراد ئێحسانی» لە لایەن پزیشکانەوە بە هۆی کۆن کەوتن وچڵک کردنی برینەکەوە دەبڕدریەتەوە.

مۆراد ئێحسانی ڕۆژی ٦ی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۹٤بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پای بە گرانی بریندار دەبێت و دەستبەسەر دەکرێت.

هێزە ئەمنیەی و ئینتزامیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناوبراو سەرەڕای بریندار بوون و دۆخی نالەباری جەستەی بە بێ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ دەکەن، دوای تێپەڕ بوونی چەند مانگێک بە هۆی تیمار نەکردن و پێڕانەگەیشتن لە لایەن پزیشکان و بەرپرسانی بێهداری ناو زیندانەوە، پای (لاق) «مۆراد ئێحسانی» چڵک دەکات و لە کۆتایدا پزیشکانی نەخۆشخانەی ورمێ ناچار بە بڕینەوەی پای ناوبراو دەبن.

ڕاپۆرتەکەدا بەم شێوەیە باس دەکات.

پاش بریندار کردنی مۆراد ئێحسانی لە لایەن هێزە ئینتزامیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە ورمێ و پاش گواستنەوەی بۆ زیندان، زۆر بە گرانی ئەشکەنجە دەدرێت، سەرەڕای تیمار نەکردنی برینی ناوبراو و تێپەڕ بوونی چەند مانگ لە کۆتایدا برینەکانی مۆراد چڵک دەکان و لە کۆتایدا پزشکان ناچار دەبن پای مۆراد ئێحسانی ببڕنەوە.

مۆراد ئێحسانی بە تۆمەتی «کورد بوون» و «هاوکاری کردنی پارتێکی کورد» لە پاش دەستبەسەر کردنی تا ئێستا ئیزنی چاوپێکەوتنی لە گەڵ بنەماڵەکەی پێنەدراو.

جێگەی وەبیر هێنانەوەیە، کە باوکی «مۆراد ئێحسانی» بە تۆمەتی هاوکاری کردنی «پارتە سیاسیە کوردیەکان» لە زینداندایە. لە ۸ی ڕەزبەری ئەمساڵدا هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی «ئێحسانی» و «محەمەد ئێحسانی» خویندەوار بەشی حقوق لە زانکۆی ورمێ ۲۳ ساڵان و برای «مۆراد ئێحسانی» دەستبەسەر دەکەن و ڕەوانەی شوینێکی نادیاری دەکان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان