بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی یەکشەممۆ ڕێکەوتی ۳ی خەزەڵوەری ۹٥ی هەتاوی دوو پیاو وژنێک لەشاری قەسری شیرین وهەر وەها پیاوێکیش لە گێڵان غەرب لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان داوەتە خۆکوژی وکۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
بەگوێرەی هەواڵەکە مێهران حاتەمی نەژاد گەنجێکی تەندرووست و تێگەیشتوو لە بنەماڵەیەکی هەژار کە بەهۆی هەژاری و نەبوونی تێچووی خوێندن، بەچەکی ڕاوکردن کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
هەروەها محەمەد ڕەزا شادانفەڕ ۳۶ ساڵ تەمەن وخاوەنی ژنێک ومنداڵێک بەهۆی هەژاری ونەبوونی بژێوی ژیان لەڕێی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
هەروەها کاتژمێر ٤ی ئێوارە ژنێکی تەمەن ۲۲ ساڵ بەناوی سومەییە ئەڵماسی سەرەڕای ئەوەی خاوەنی مێرد ومنداڵێک بوو بەهۆی هەژاری وداهاتی کەمی مێردەکەیەوە کەکرێکاربوو وەتوانای دابین کردنی هەزینەی ژیانی هاوبەشیانی نەبوو لەڕێی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
هەروەها کەسێکیش لەشاری گێڵان غەرب لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نەبوونی پارەی دەوا ودەرمانەوە خۆی دەکوژێ کەهێشتا ناوەکەی نەزانراوە.
جێگەی باسە کەڕێژەی خۆکوشتنەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەژاری وبێ کاری ڕوولەهەڵکشانەو ڕۆژانە کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژهی بێکاری لەقەسری شیرین ۱۲ لەسەتە بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنی کارناسەکان پترلە ۲٦ لەسەتە.
سەرەڕای ئەوەی هەموو سنوورەکانی کوردستان داخراوە و ڕێگە و بواری ژیان و کاریان بۆ گەنجان نەهێشتۆتەوە بەڵام لە هەمان شاری قەسری شیرین هێزە ئینتزامییەکان و هەنگی سنووری بە پشتگیری کردنی تاقمێک بەکرێگیراو و خۆفرۆشی خۆجێیی دەستیان داوەتە قاچاخی کاڵاو شت ومەک وسوتەمەنی بۆ وێنە گازۆیل کە بەم زووانە فلێمی قاچاخی هێزە ئینتزامییەکانیش بڵاو ودەکرێتەوە.
هەروەها لەدوو مانگی ڕابردوو نیزێک ۱۲ کەس لەکارمەندانی گۆمڕۆکی قەسری شیرین بەتۆمەتی قاچاخی مادەی خۆراکی کەوتنە بەر لێکۆڵینەوە وکەلە نێوانیاندا قایمقامیەتی قەسری شیرین وفەرماندەی هێزی ئینتزامی وچەند بەرپرسی باڵای دیکە هەژمار کراون.
هەرئەو قاچاخەی کەڕۆژانە کۆڵبەری لەسەر دەکوژرێ وبەنایاسایی دێتە هەژمار، کەچی بەرپرسانی حکوومی خۆیان هەمان کاردەکەن وخەڵکی بێ دەرەتانیش ناچان لەهەمبەر گوشاری ژیان دەست بدەنە دیاردەی خۆکوشتنەوە، یان ئەوەی بکەونە ئەو چوارچێوەی کە حکوومەت بۆخۆی دایمەزراندووە وەکوو سیخۆری وبەکرێگیراوەتی وبازرگانی کردن بەمادە هۆشبەرەکان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان