شەڕی نەرم (سارد) لەڕێی بارمتەوە/ئازادی کاتی ماریا کەوسەری

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ڕۆژی سێ شەممۆ ۲۷ی ڕەزبەر، ماریا کەوسەری، هاوڵاتی بەهایی، بەدانانی بارمتەی ۶۰ ملوێن تمەنی ئازادکرا.

ماریا کەوسەری، هاوڵاتی بەهایی دانیشتووی قوروە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشتر لەڕێکەوتی ۱۳ی ڕەزبەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری قوروە دەستبەسەر کرا وپاشان ڕاگوێزرابوو بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

جێگەی باسە کەپێشتر لەڕێکەوتی ۱۵ی ڕەزبەری ۱۳۹٥هێزە ئەمنییەکان بۆجاری سێیەم شوێنی ژیانی ماریا کەوسەرییان پشکنی بوو.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ لەکاتی دەستبەسەری ناوبراو، دەستیان بەسەر هەندێ دەواو دەرمانی ناوبراودا گرتبوو کەپاش ڕاگەیاندنی ئیدارەی تەندروستی (بهداشت) ئەوناوچەیە لەهەمبەر بێ کێشەبوونی دەواکان، سکاڵایەک لەلایەن ئەم ئیدارەوە لە دۆسییەی ماریا کەوسەریدا بوونی نییەودادستانی تۆمەتی پڕوپاکەندە بۆ ئایینی بەهایی لەپاڵ ناوە.

ئەمە لەحاڵەتێکدایە کەکۆماری ئیسلامی بەهێنانە ئارای شەڕی نەرم دژبە چالاکانی سیاسی ومەدەنی وگوشاری قورس لەسەر بنەماڵەکانیان هۆکاری کپی و بێدەنگی کۆمەڵگاو چالاکانی ڕەخساندووە.

جێگەی باسە کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئەوەی تاکە حیزبە، تاقەتی بیستنی دەنگ هەڵبڕین وڕەخنەگرانی خۆی نییە ولەم ساڵانەدا مافی کەمینە ئایینییەکانی وەکوو؛ بەهاییەکان، سوننەکان ویارسانەکان و…بە دەیان جار پێشێل وحاشای لێکردووە.

ئایینزاکانی دیکەی ئێران وڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبواری خوێندن وخزمەتگوزاری خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی مافیان لێ زەوت دەکرێت وناچاریان دەکەن بەگۆڕینی ئایینەکەیان.

سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەموو کونڤانسیۆنەکانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام پێشێلکاریی یاساکانی مافی مرۆڤ لەدرێژەی ڕەوتی سیاسەتە گەمارەکانی خۆ پێش دەخات وچوارچێوەکانی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ ناپارێزێ.

جێی سەرنجە لەدرێژەی ڕەوتی سیاسەتە سەرکوتگەرانە و دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامی و دەستبەسەری چالاکانی سیاسی، مەدەنی و خوێندکاری و ئایینی، دادگاکانی کۆماری ئیسلامی وای دەردەخەن تاوانباران لەم دادگایانەدا دەتوانن بەدانانی بارمتە و هێنانە ئارای بەزەیی ئیسلامی له‌ مەر تاوانباران ئازاد بکرێن ((شەڕی نەرم لەگەڵ چالاکانی سیاسی ومەدەنی))

هەڵبەت ئەمە لەحەڵەتێکدایە کە پاش ئەشکەنجە، ئازار و لەژێر گوشاردانانی ڕۆحی و دەروونی تاوانباران، پاش دەستڕاگەیشتن بەئامانجەکانیان (کپ کردنی دەنگ، تۆقاندن وترس و وەرگرتنی دان پێدانان لە تاوانبار) بۆ ئەوەی گوشاری پێگەیەنەرەکان و چالاکانی مافی مرۆیی لە خۆی دوور بخاتەوە و بتوانن تەشەنە بکەنە نێو بنەماڵەکانەوە و کێشەکە لەکەسێکەوە بگوازنەوە بۆ بنەماڵە وکۆمەڵگا. دەست دەدەنە هێنانە ئارای بارمتەی قورس. هەربەم کارەیان ڕۆحییەتی پڕ بەزەیی و مرۆڤدۆستی و لێبووردەیی ئیسلامی خۆیان دەخەنە نێو دەمارەکانی کۆمەڵگاوە، و هەمیش تاوانبار، بنەماڵە و هەموو کۆمەڵگا سەرقاڵی بابەتێکی دیکە دەکەن.

لەم حاڵەتەدا هەموو ئامانجەکان و مافەکانی تاک و کۆمەڵگا لەبەرانبەر بارمتەیەکی دیاریکراو دەخەنە بواری مامەڵە پێکردنەوە و کەسی بە ناو تاوانبار چەشنی گۆشتی دەم تەڵە لێدەکەن؛ و بەم کارەیان کارە قیزەونەکەی خۆیان پەردەپۆش دەکەن و لەدرێژەدا پاش لاوازکردن و یەخسیرکردنی چالاکی بەرهەڵستکار لەڕێی بارمتەوە، کە ئەگەری هەیە هەموو سامانی خۆی و بنەماڵەکەی بێت. کێشەگەلێک لەنێوان کەسەکەو بنەماڵەو تەنانەت کۆمەڵگا پێک دێنن.

دادگا بەوەرگرتنی بارمتەی قورس دەیهەوێ دەنگی بەرهەڵستکاران و ڕەخنەگرانی خۆی کپ بکات و کۆمەڵگا بەترس وسام بخنکێنێ. بۆ ئەوەی تەنانەت باری ئەمنی ئابووری لەکۆمەڵگا وەربگرێتەوە.

هەرلەم ڕێگەوە هەموو ڕووداو و جینایەتە شاراوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەست و پێوەندییەکانی بزر دەکات.

لەم حاڵەتەیشدا بارمتەی تاوانباران بە قازانجی حکوومەت دەستی بەسەردا دەگیردرێ و هەر حوکمێک لەدڵخوازی کۆماری ئیسلامی بێت جێبەجێ دەکرێت و بنەماڵە و تاوانبارانیش والێدەکات مل کەچ و گوێڕایەڵی خواستی ئەوبن و لەکۆتاییدا کەسی بەرهەڵستکار ناچار دەکەن نیشتمان و زیدی خۆی بەجێ بهێڵێ و ترس و دڵەڕاوکێ ئاژینی ناو کۆمەڵگا دەکەنەوە بۆ کپ کردنێکی هەتاییانە.

ئەمە شێوازێکی زانستی ودیاریکراوە بۆ هێنانە ئارای ترس و تۆقاندن لە نێوان خەڵک و هەروەها بە وەرگرتنی سامانی ئەو بنەماڵەیە دەبێتە هۆی لێک ترازانی جومگەکانی خێزانی و بەم کردەوەیە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و ترس و دڵەڕاوکێ دەخاتە ڕۆژەڤی کاری خۆیەوە و دەیهەوی بیروبڕوای گشتی لەژێر هەیمەنە وسامی ئەودا بمێنێتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان