بەرگری کردن لە ناردنی بەندکراوێکی سیاسی کورد بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بۆ دەرمان و چارەسەری

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: چەنگیز قەدەم خێری بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی مەسجد سلێمان بە هۆی نەخۆشی لاقەکانیەوە بۆ چارەسەری و دەرمان کردن پێویستە بنێریەتە نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە، بەڵام بەرگری لە ناردنی دەکرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە دەکڕێت بەرپرسانی وەزارەتی ئیتلاعەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرگری دەکەن لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ چارەسەری پزشکی، ئەم لە حاڵێکدایە کە بەرپرسان و ئەندامانی بێهداری ناتوانن نەخۆشی ئەم زیندانیە چارەسەرکەن و تا ئێستا هیچ جۆرە دەرمانێکی بۆ نەکراوە.

جێگای وەبیر هێنانەوەیە چەنگیز قەدەم خێری خەڵکی شاری کامیاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ۱۳۹۰ لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراوە و لە گەلاوێژی ساڵی ۱۳۹۱ لە دادگای شۆرشی شاری سنە، لە دادگاییەکی چەند خولەکیدا، بە تاوانی «کورد بوون» و هاوکاری کردن لە گەڵ پارتێکی کوردیدا بە ٤۰ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی مەسجد سلێمان سزا درا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان