ک.م.م.ک.:
ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەرزاییەکانی نێوان شاری قەڵادزێ شەر بە پارێزگای سلێمانی هەرێمی کوردستان لە سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تەقەیان لە چەند شوانێکی هەرێمی کوردستان کرد، کە بوو بە هۆی کوژرانی حەمەد خدر تەمەن ٦٠ ساڵ بە گولـلە و برینداربوونئ دوو کەسی تر کە تا ئێستا ناسنامەیان نادیارە.
بەگوێرەی لێدوانەکانی عەبدوڵا عەباس، بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی ڕۆژئاوای پارێزگای سلێمانی: کوژراوەکە لەگەڵ دوو کەسی دیکە ڕەوە مەڕوماڵاتیان بردووە بۆ شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەلایەن هێزە سنوورییەکانی ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە.
کە بووە بە هۆکاری گینان لەدەستدانی حەمەد خدر.
ناوبراو ئەوەشی خستۆتەڕوو: دوو کەسەکەش کە لەگەڵ حەمەد خدر بوون لە شاخەکە بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە تەقەی هێزەکانی ئێران ڕایانکردووە و لە ئەنجامدا کەوتوون و هەردووکیان برینداربوون.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵەدا، هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی ئەو دوو بریندارە لەبەردەست نییە.
ک.ح


