تاران؛ قوتابێکی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری کرماشان دوای شەڕ و دەمەقاڵێ لەگەڵ حیجاب پۆشەکانی زۆرەملی بێهۆش کەوت

ک.م.م.ک:

بە پێی ڕاپۆرتەکان، یەکشەممە ٩ی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢٣ی کوردی، قوتابێکی تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، بە ناوی “ئارمیتا گراوەند”، دوای بێهۆشبوونی لە وێستگەی میترۆی شوهەدا بۆ بەشی ICU لە نەخۆشخانەی فەجر گواسترایەوە.

شایەتحاڵانی چاودێر کە لەگەڵ ئەم کچە خوێندکارە چوونەتە نەخۆشخانە باسیان لەوە کردووە کە کاتێک سێ کچە خوێندکارەکە چوونەتە ناو وێستگەی میترۆ، هەندێک ئەفسەر ئاگاداریان کردەوە کە باڵاپۆشی زۆرەملیان نییە و دوای دەمەقاڵێ زارەکی ئەفسەرێک پاڵ بە ئارمیتا دەنێت و سەری بە ئاسنێک دا دەدات، و دەکەوێتە سەر زەوی، پاشان بە هاوکاری هاوڕێکانی هەستاوەتەوە و چووە بۆ لای مێترۆکە، لەوێ لەکاتی سواربووندا بێهۆش دەبێت و دەکەوێتە خوارەوە و دەچێتە کۆماوە.

کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران ئەم بابەتەیان ڕەت کردووەتەوە و هۆکاری بێهۆش بوونی ناوبراویان بە ” دابەزینی ئاستی زەختی خوێنی ناوبراویان” ڕاگەیاندووە.

بەڵام تا ئێستا پێشیان لە بڵاوبوونەوەی تەواوی گرتە ڤیدیۆییەکانی میترۆ کردوە و ڕێگە نادەن ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ ڕاپۆرت لەسەر ڕووداوەکە بدەن.

ئەو ڕۆژنامەنووسەی شەرق کە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر ئەم بابەتە چووبووە نەخۆشخانەی فەجر، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لەلایەن کارمەندانی ئەمنیەوە دەستبەسەر کرا.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئیرنا ڕۆژی سێشەممە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دایک و باوکی کچەکە بڵاوکردەوە.
لەم نێوەندەدا ڕوون نییە کە ئەم چاوپێکەوتنە لە چ مەرجێکدا تۆمار کراوە.

ئێستاش کەشێکی ئەمنی تووند لە دەوروبەری نەخۆشخانەی فەجر هەیە کە ئەم خوێندکارە کچە دوای بێهۆشبوون تێیدا خەوێندراوە.

ع – ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *