هێزە ئەمنییەکانی ئێران چالاکێکی ژینگەپارێزیان لە جوانڕۆ ڕفاند

ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری KMMK، شەممر ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە جوانڕۆ یاسر نووری ٣٢ساڵ تەمەن و چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی ئەو شارەیان ڕفاند و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.

بەگوێرەی هەواڵە، هێزە ئەمنییەکان کە جلی مەدەنیان لەبەردا بوو، لەڕێی نواندنی هێز و زۆرەملێی و بە لێدان ئەم هاوڵاتییە ژینگەدۆستەیان لە ناو بازاڕی جوانڕۆ دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردیان.

سەرچاوەی هەواڵگری KMMK لەمبارەوە کوتی: گرووپێک لە هێزە ئەمنییەکان دواتر هەڵیانکوتایە سەرماڵی یاسر نووری و بە هۆڤانەترین شێوە دەستیان دایە پشکنینی ماڵ و هەموو شتوومەکی ماڵیان بەتەواوەتی لێکپرژاندووە.

سەرچاوەکە ڕوونتری کردەوە: هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی یاسر نووری کردووە لە ئەگەری بڵاوکردنەوە سەبارەت بە ڕفاندنی کوڕەکەیان، ژیانی ناوبراو دەکەوێتە مەترسییەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران و گرووپگەلی ئەمنییەتی ئەم ڕێژیمە بەبەرپرسیار دەزانێ لەمەمبەر سڵامەتی یاسر نووری و خوازیاری ئازادی هەرچی خێراتری ئەم هاوڵاتییەیە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *