زیندانی سیاسیی کورد لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دایە

ک.م.م.ک:

بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، زیندانی سیاسیی کورد لوقمان قادری خەڵکی پیرانشار کە لە زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگیراوە لە چەندد حەوتووی ڕابردوودا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێرانەوە گرانترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لەسەر تاقی کراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ناوبراو تا ئێستە چەندد جار هەڕەشەی بێسەروشوێن کردن و کوشتنی لێکراوە و تیربارانی ساختەی لەسەر تاقی کراوەتەوە.

ناوبراو لە نامەیەکدا کە ناردوویەتە دەرەوە داوای لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کردووە کە فریای بکەون و دەنگی بەرز بکەنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت: ناوبراو پاش ٨ مان و نیو لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوازراوە و لە چەندد حەوتوودا بردوویانە بۆ شوێنی نادیار و ئەشکەنجە کراوە و هەڕەشەی بڕینەوەی دەستی لێکراوە و دەڵێ هۆکاری ئەم هەموو ئەشکەنجەیە بەبۆنەی ئەوەیە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەناو حیزبە کوردییەکاندانە و لەگەڵ ئەوەی دادوەر لەگەڵ مۆڵەتی مەرەخسی بەدانانی سێ ملیاردی ئەرێی کوتووە بەڵام موجتەبا مەحموودی دادستێنی ڕێژیم لە پیرانشار دژایەتی دەکات. هەروەها ئەم زیندانییە سیاسییە لە نامەکەیدا نووسیویە کە دامەزراوە ئەمنییەکان چوون بۆ مەرەخەسی و ئاسانکاری بۆ ناوبراویان بەستۆتەوە بەوەی هاریکاری دامەزراوە ئەمنی و قەزاییەکان بکات.

شیاوی باسە لوقمان قادری پێشووتر لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای سزاکانی دووی حکوومەت لە پیرانشار بەتۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی، بەدووساڵ و حەوت مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی مەحکووم و ئەم حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی لە زیندانی ناوەندی ورمێ پێی ڕاگەیەندرا.

جێی بیرهێنانەوەیە لوقمان قادری ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢١ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی لە سەر ڕێگەی پیرانشار پەسوێ دەستبەسەر و لەماوەی لە دەستبەسەریدا بووە لە مافی دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەری کراوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *