خۆپیشاندانی “نە بۆ تانکەری مەرگ “لە مەریوان بەردەوامە و چەند کەسێک دەستبەسەر کراون

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان  ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی شارستانی مەریوان لە ژێر ناوی /نە بۆ تانکەری مەرگ/تاوەکو ئەمشەو ۱٥ی ڕەزبەری ۹٥ی هەتاوی درێژەی کێشاوە .

لەدوای ڕێپێوان و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی هاووڵاتییانی شاری مەریوان لە ڕۆژی سێ شەمە ۱۳ی ڕەزبەر ، دژ بە خراپی ڕێگەوبانەکان و هاتو و چۆی بێ سەرەو بەرەی بارهەڵگر و نەوت کێشەکان و خوڵقاندنی کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی لە و دەڤەرەدا ، بەرپرسانی شار و فەرمانداری ئەو شارە بەڵێنی داوە تا دوو ساڵی تر کێشەی جادەی مەریوان ــ سنە کە لە ناوچەی کەڵاتەرزان و کۆماسییەوە دەرباز دەبێت چارەسەر بکات هەرچەندە ، ئەوا بۆ دەساڵ دەچێت ئەم بەڵێنە لە زاری بەرپرسانەوە هەر ساڵەو نوێ کراوەتەوە

هەر بەو هۆیەوە خەڵکی ناڕازی بەم بەڵێنەی فەرماندار قایل نەبوون  . کاتژمێر ۹ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ۱٥ی ڕەزبەر  لە دوای ئەوەی هێزەکانی ئیتلاعات و ئینتزامی کۆماری ئیسلامی چوار کەسیان بە ناوەکانی بەهرە عارفی شێخ ــ سەیران خۆرنکاــ ڕۆژین ڕەزایی ــ ئارتین حەسەنزادە  لە خۆ پیشاندەران ڕۆژانی پێشویان لە ماڵەکانییاندا بە مەبەستی چاو ترسێن کردنی ڕێگری کردن لە درێژە پێدانی ناڕەزایەتییەکان دەستبەسەر کرد ، ڕێپێوانەکان شێلگێرتر لە پێرێ بوو و خۆپیشاندەران ئەمجارە خوازیاری ئازاد کردنی بێ شەرت و مەرجی دەستبەسەر کراوەکانن .

تا بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە چارەنوسی ئەو گیراوانە نادیارە

شایانی باسە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی داخوازییە مەدەنییەکانی خەڵکی بە لاڕێدا بەرێت و لەباری ببات پەنادەباتە بەر توندو تیژی نواندن و بەو شێوەیە شەرعییەت دەدات بە سەرکوت و دەستبەسەر کردنەکانی چالاکانی مەدەنی .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان