کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دەسپێکردنی پرۆژەیەک رادەگەیەنێت و داوای هاوکاری لە گەل دەکات

ک.م.م.ک:

ناوەندی کلتووری کۆمەڵەی مافی مرۆفی کوردستان(KMMK) دەستی داوەتە پرۆژەیەکی کلتووری بە مەبەتی زیندوو کردنەوەی ناوی راستەقینەی شار، گوند، چیا، دۆڵ، کاناو و هەموو ئەو شوێنانەی لەژێر هەڕەشەی ئاسمیلاسیۆن و توانەدان لە کوردستان و دەیهەوێت ئەم پرۆژە بەهاوکاری و یارمەتی هاوڵاتییانی کوردستان لەهەر شوێن و دەڤەرێک بەئەنجام بگەیەنێت.

دەقی راگەیاندنەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەم شێوەیە:

هاونیشتمانیانی ئازیز، ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی #کوردستان لە ژێر ناوی پرۆژەیەکدا، دەمانهەوێ ناوی هەموو ئەو شار، گوند و کانیاو و کەژو کێوانەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان گۆڕیونی، نۆژەن بکەینەوە و بیهێنینەوە سەر #ناوە_ڕاستەقینەکەی خۆی.

چون دەزانین گەلی ئێمە بەتێکڕای تایبەتمەندییەکانییەوە لەبەردەم #ژینۆساید و سڕینەوە و حاشا لێکردنە و دەیانهەوێ بەو تەرزە دیمۆگرافیای کوردستان بگۆڕن و ئەو شێوەی ئەوان دەیانهەوێ بیربکەینەوە و هەموو مێژوو و کەلتوور و ئەفسانە و ئوستوورەکانیشمان بگۆڕن و تایبەتمەندی گەلبوونمان لێوەربگرنەوە.

هەربۆیە بۆ بەرپەرچدانەوەی پلانەکانیان پشتگیری و یارمەتی هەموو دڵسۆزان و خەمخۆرانی کوردستان پێویستە و داواکارین هەر کەس لە دوڤەر و شوێنی ژیانی خۆیەوە ناوی ساختە و ڕاستەقینەی گوندو کانیاو چیاکان بنووسێت و بۆمانی بنێرێ, هەر وەها بۆ ئەم مەبەستە داواکارین لە شارەزایانی بواری #مێژووی کوردستان، مامۆستایانی #زمانەوانی، پسپۆڕانی #جوگڕافیا، هەرکامەو بە پێی دەرفەت و توانا یارمەتیدەرمان بن.

لە بەردەوامی ئەم پرۆژە نیشتمانییەدا و بۆ چەسپاندنی بەڵگەو دیکۆمنتی سەردەمیانە بەسەر نەقشەی نیشتمانماندا و گەڕانەوەی ئەو بەها نەتەوەییانەی لێمان دزراو و زەوت کراوە، پێویستە هەموو بە ئەرکی نەتەوەییمان هەڵسین و دەست بدەینە دەستی یەک و بە پشت بەستن بە بناخەی دەوڵەمەندی کلتووری و مێژوویی کوردستان، پێگەو لق و پۆپەکانی کلتووری داگیرکەر لەسەر جەستەی نیشتمان بسڕینەوە و سەردەمێکی نوێ لە کوردستان دژ بە داگیرکاری تۆمار بکەین.

دواتر هەر کەسیش ویستی دەتوانین لەویکیپیدیایەکدا کە دواتر دەخرێتە بەردەستان ناو و ئاستی خزمەتەکانی چاپ بکەین.
یارمەتیدەرمان بن بۆ ژیانەوەی کوردستانێکی ڕەنگین و پارێزراو.

ناوەندی کلتووری KMMK

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *