مانگرتنی گشتی شاری سەقز بەرانبەر بە شوێن بزرکردنی گۆڕی ژینا

ک.م.م.ک:

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ی کوردی، خەڵکی شاری سەقز بەهەموو چین و توێژەکانیەوە مانگرتنی گشتیان بەرانبەر بە شوێن بزرکردنی گۆڕی ژینا ئەمینی لەلایەن شارەوانی حکوومەتی ئێران لە گۆڕستانی ئایچی ڕاگەیاند و بەتەواوی دوکان و بازاڕ داخرا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ماوەیەکە شارەوانی حکوومەت لە شاری سەقز بە پلانی ناوەندە ئەمنییەکان و قایمقامەتی ئێران (جافر تەوان) کە دەستێکی باڵای هەبووە لە سەرکوت و ڕفاندن و کوشتنی چالاکوانان لەو شارە، هەموو ئەو ڕێگایانەی دەچنەوە سەر گۆڕستانی ئایچی تێکداوە و سەرەڕای شکاندنی هێما پیرۆزەکان( گۆڕی گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژینا) دەیانهەوێ گۆڕی ژینا بشارنەوە و وای لێبکەن کە خەڵکی ئێران و کوردستان بە سانایی نەتوانن سەردانی مەزارگەی ناوبراو بکەن، هەر بۆیە خەڵکی شاری سەقز بەرانبەر بەو پلانە قڕێژەی دەسەڵاتی سەرکوتگەری ئێرانی هەڵوێست و دژکردەوەیان نیشان داو بڕیاریان داوە لە ئەگەری دەست هەڵنەگرتن لە کارەکەیان مانگرتنەکان بەردەوام دەبن.

شیاوی باسە حکوومەتی ئێران کوردستان و بەتایبەتی شاری سەقزی میلیتاریزە کردووە و بە ئاشکرا قایمقامەتی حکوومەت هەڕەشە لە گەنجان و بنەماڵەی گیانبەختکردوان دەکات کە دەرتان دەکەین و مافی هیچ چەشنە هەڵوێست یان داواکارییەکتان نییە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *