ک.م.م.ک:
ناوەندی هاوکاری حیزبوکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بڵاوکردنەوەی بەیانیەیەکدا، وێڕای ئاماژە بە هێنانی کەلووپەلی قورسی سەربازی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و هەڵمەت و هێنانی سپای تۆکمە لەگەڵ هەڕەشەی هێرشی مووشەکی و درۆن دژی حیزبە کوردییەکانی دژبەری دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، داوا لە کۆمەڵگای جیهانی دەکات لە بەرانبەر جمووجۆڵەکانی ڕێژیمی ئێران بێ دەنگ نەبن.
دەقی بەیانییەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم جۆرەیە:
خەڵکی خەباتکار و ئازادیخوازی ئێران و کوردستان!
کۆڕ و وڵاتان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لەبەرانبەر ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک و ڕابوونی ژینادا بەچۆکدا هاتووە، بە شەپۆلێکی نوێی ئێعدام و سەرکوتی خەڵک لەلایەک و، بە لەشکەرکێشی و هەڕەشەی هێرش بە مووشەک و دڕۆن بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەتەمای قەڵاچۆ و کۆمەڵکوژکردنی ژنان و منداڵان و پەنابەرانی کوردی ئێرانییە کە ساڵانێکە لە عێڕاق نیشتەجێن.
هەموو دەزانین کە کوردستان ئاخێزگەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوو. ئێمە حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە بەردەوامی پێداگریمان لەسەر بزووتنەوەی مەدەنی و ناڕەزایەتیی جەماوەریی خەڵک لەسەر شەقامەکان کردووە و بەتایبەت لە سنوورەکانی کوردستانی عێڕاقەوە هیچ چەشنە جووڵەیەکی سەربازیمان نەبووە و نیشمانە. کەچی ڕێژیم بەو بیانووە بەردەوام ئێمە و بنکە مەدەنییەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵی بە مووشەک و دڕۆن بۆمباران کردووە و لەو سۆنگەیەوە گیان و ماڵ و خەڵکی کوردستانی عێڕاقیش لەو هێرش و دەستدرێژییانەدا پارێزراو نەبوون.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە هەموو وڵاتان، بەتایبەت وڵاتانی زلهێزی جیهان و بڕیاربەدەستی ناوچە، کۆڕوکۆمەڵە سیاسییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەکەین لەهەمبەر جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە حیزبە سیاسییەکان و پەنابەرانی کوردستانی ئێران بێدەنگ نەبن و هەنگاوی بەکردوەیان بۆ پێشگرتن بەو کارەساتانە هەبێت. هاوکات داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و ئێران لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکەین کە بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی سەرشەقام وەڵامیان بۆ دەستدرێژییەکانی سپای پاسداران هەبێت.
مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی
بمێنێ و بەهێزتر بێت یەکیەتیی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی ئێران دژی ڕێژیم
ژن، ژیان، ئازادی
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان