ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکان، چالاکوانێکی کرێکاری خەڵکی سەقز بەناونیشانی عوسمان ئیسماعیلی لە ئاگادارکردنەوەیەکدا بۆ دادسەرای حکوومەتی ئێران لە سەقز بانگهێشت کرا.
شیاوی باسە کە عوسمان ئیسماعیلی بۆ بەرگری لە خۆی و وڵامدانەوە لەمەڕ تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات، بانگهێشتی دادسەرای حکوومەتی ئێران لەو شارە کراوە.
شیاوی باسە کە ئەم چالاکە کرێکارییە دەبێ ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ی کوردی، سەردانی دادسەرای حکوومەتی ئێران لە سەقز بکات.
جێی باسە کە ناوبراو ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی دەستبەسەر کراوە و لە کۆتاییدا خاکەلێوەی ئەمساڵ بەدانانی بارمتەی یەک ملیاردتمەنی لە زیندانی حکوومەتی ئێران لەو شارە تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگا ئازاد کرابوو.
ق.ش