ک.م.م.ک:
پێنجشەممە٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ی کوردی، هاوڵاتییەکی خەڵکی گوندی نێ سەربە شاری مەریوان بەناونیشانی ئاروین نیکپەی، بەدانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندانی ڕێژیمی ئێران ئازاد کرا.
بەگوێرەی هەواڵەکە، ئارام نیکپەی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە مەریوان دەستی دابوویە خۆکوژی و ڕۆژی شەممە ١٦ی گوڵان، پاش هەوڵی خۆکوژی لە ئیدارەی ئیتلاعاتەوو گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی فەجری حکوومەت لەو شارە و پاشان بنەماڵەکەی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی گوڵان، لەبەرانبەر بینای ئیدارەی ئیتلاعات گردبوونەوە.
شیاوی باسە کە، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ی کوردی، ئارام نیکپەی ٢٠ساڵ تەمەن، کوڕی حەسەن بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لەو شارە دەستبەسەر کراو ئێوارەی ئەو ڕۆژە هێزە ئەمنییەیان هەڵیان کوتایە سەرماڵی باوکی لە گوندی نێ و لۆپ تۆپ و موبایلی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان برد.
لە هەواڵێکی دیکەدا، چالاکوانێکی فەرهەنگی خەڵکی گوندی چیانە سەربە شاری پیرانشار بەناونیشانی باپیرەبەرزە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای سزاکانی حکوومەت لەو شارە بەسەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا قارەمانی ساعەتلوو بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
بەپێی زانیارییەکان ئەم زیندانییە سیاسییە پێشینەدارە بە تێکدانی ئاسایشی گشتی لەڕێی بەشداری لە ئاڵۆزییەکان لە چوارچێوەی ئامانجی گرووپە دژبەرەکانی دەسەڵات دژی ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبار کراوە.
شیاوی باسە ئەم هاوڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ی کوردی، لە سێڕیانی پەسوێ بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی ئێران لە شاری ورمێ کرابوو.
ق.ش