سنە؛ دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بارمتەی هاوڵاتییەک لەلایەن دادگاوە

ک.م.م.ک:

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دادگای شۆرشی حکوومەتی ئێران لە سنە (سنندج) بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تۆمانی هاووڵاتییەکی خەڵکی یاسووج بە ناسنامەی شەهریار بەراتی نیا دەرکردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ٢٠ی گوڵانی ئەمساڵدا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بارمتەی ئەم هاووڵاتییە دەرچووە، و وادەی ١٥ ڕۆژیش بۆ چۆڵکردنی خانووی نیشتەجێبوون دیاری کراوە، کە وەک بارمتە لە دادگای سنە دانراوە.

پێویستە بگوترێ ئەم هاووڵاتییە لە ١٧ی پووشپەڕی ساڵی ٢٧٢١ی کوردی دا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە دەستبەسەر و پاش ٤ مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئەمنییەتی حکوومەتی لە شارەکانی سنە، تاران، شیراز و یاسوج دا بەند کراوە لە مانگی ڕەزبەری هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

شیاوی باسە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر بەڵگەنامەکانی ناسنامەی شەهریار براتی نیا دا گرتووە و ئامادە نەبوون ڕادەستی بکەنەوە.

ع – ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *