ڕیسواییەک بەنێو چاوانی مافی مرۆڤی جیهانییەوە

ک.م.م.ک:

وەک لە ڕاگەیاندنەکاندا دەرکەوت، عەلی بەحرەینی، باڵوێز و نوێنەری دایمی کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێران لە ڕێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەکوو سەرۆکی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی لە شۆرای مافەکانی مرۆڤی ئەم ڕێخراوەیە، هەڵبژێردرا.

ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کە ساڵانێکی دوور و درێژی دژی دیکتاتۆرییەت، کۆلۆنیالیزم، ئاپارتاید، کۆنەپەرەستی و هەموو پێشێلکاری و ئەو هەوڵانەی دژی مافی مرۆڤ دەدرێن خەبات دەکەین و شانازی بەخۆمانەوە دەکەین کە سەربە نەتەوەیەکین سەرەڕای هەموو زەبر و زەنگ و سەرکوتێک لە ڕێبازی مرۆڤایەتی لامان نەداوە و ئەم ڕیسواییە قیزەونەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانە و سەرکۆنە دەکەین و داوا لە هەموو مرۆڤە خاوەن هەڵوێست و ئازادیخوازەکان دەکەین دژ بە کردەوە دژە مرۆییە بوەستنەوە و بکەران و دەنگ دەرانی ئەم ڕەوشت نزمیە شەرمەزار بکرێن.

سەیر لەوەدایە هێشتا گەرمەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە و لەپێش چاوی هەموو مرۆڤایەتی، کۆماری پەتوو سێدارەی ئیسلامی پتر لە ٥٠٠کەسی لە پێش چاوی کامێراکان کوشت و هەزارانیشی کوێر و کەمئەندام کرد و دەیان کەسی ئێعدام و هەزارانی تریش لە سیاچاڵەکانی ئێراندا دەستدرێژی دەکرێتە سەریان و خۆیان دەکوژن و هەر لەم ڕۆژانی داوییدا چەندد کەس بەبۆنەی سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێعدام کران و لە سەرەتای ساڵی هەتاوییەوە تا ئێستە ڕۆژانە دە کەس لە ئێراندا ئێعدام کراون، چۆنە ڕێخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە تیرۆریزم دەکات و نوێنەری وڵاتێکی ئایدۆلۆژیک و ڕادیکاڵ و دژی مرۆیی وەکوو ئێران دەکات بە سەرۆکی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتی لە شۆرای مافەکانی مرۆڤی ئەو ڕێخراوەیە.

گومان لەوەدا نییە کە ئەو چەشنە دانووستان و سازشە بێڕەوشتیانە وای کردووە تیرۆریزمی دەوڵەتی لە جیهان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پەرە بگرێ و درووشمە جوانەکانی مافی مرۆڤ و هەڵوێستی مرۆڤە ئازادیخواز و نەتەوە بندەستەکان ببن بە بڵقی سەرئاو و چەوساندنەوە و تۆقاندن و برسێتی گەشە بکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *