لە شاری سنە دوو چالاکی سەندیکای مامۆستایان دەستبەسەر کران

ک.م.م.ک:

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی گوڵانی ساڵی٢٧٢٣ی کوردی”فەرزاد سافی خانپوور” مامۆستای کۆمەڵناسی و چالاکی سەندیکای مامۆستایان، لە کاتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە بە زۆر ڕفێندرا.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە هەمان کاتدا لە کاتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایانی سنە، فاتح عوسمانی، مامۆستای خانەنشینکراوی قوتابخانەی بنەڕەتی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

لە پەیوەندییەکدا کە فاتیح عوسمانی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەیبووە، ڕایگەیاندووە کە لە شوێنی دەستبەسەرکردنەکەی و ئەو ڕێکخراوەی کە ڕفاندوویەتی، هیچ زانیاریەکینییەونازانی کێنە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە، مامۆستایانی شاری سنە بۆ پشتیوانی لە بانگەوازی ئەنجومەنی هاوئاهەنگیی یەکیەتییەکانی ڕێکخراوە فەرهەنگیەکانی ئێران، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە پێڕا نەگەیشتنی داواکاریەکانی مامۆستایان و پەروەردەکاران لە بەرامبەر ئيدارەی پەروەردە و فێرکردن شاری سنە بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، و مامۆستای زیندانیکراو دەبێت ئازاد بکرێت، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

شایانی باسە، فەرزاد سافی خانپوور لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی گوڵان دا دۆسیەکەی ڕەوانەی لای داواکاری گشتی دەکرێتەوە.

ع – ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *