ک.م.م.ک:
یەکشەممە ١٧ی گوڵانی ٢٧٢٣ی کوردی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار بوویەوە کە، سیاوەش حەیاتی لە ئەندامانی ڕێبەری بەرەی یەکگرتووی کورد و وتەبێژی کۆمەڵەی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنی یارسان بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندان، بۆ لقی یەکی داداگای سزاکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری شاباد( ئیسلام ئابادی غەرب) بانگهێشت کراوە.
بەپێی ئەم حوکمە کە لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی ئێرانەوە لە کرماشان جێگر لە ئیسلام ئاوای غەرب دەرکراوە و پێشتر بەناوبراو ڕاگەیەندراوە، سیاوەش حەیاتی بوتۆمەتی چالاکی پڕوپاگەندایی دژی دەسەڵات بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.
سیاوەش حەیاتی وتەبێژی کۆمەڵەی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنی یارسان لە ڕێکەوتی یەکی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە کرماشان دەستبەسەر و لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر بەدانانی بارمتە لە زیندانی حکوومەتی ئێران ناسراو بە دیزەڵاوا ئازاد کرابوو.
شیاوی باسە کە، سیاوەش حەیاتی پێشتریش پێشینەی بانگهێشت و دەستبەسەر بۆ سەرچاوە قەزایی و ئەمنییەکان هەیە.
ق.ش
تێبینی: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هیچکام لەم ناوانەی شاباد و ئیسلام ئاوای غەرب سەبارەت بەم شارە کوردستانییە بە فەرمی ناناسێت.