لە بەرەبەری هاتنی مانگی مەحەڕەمدا ئێعدامەکان لە رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێراندا پەرەی سەندوە

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون ڕۆژی پێنج شەمە ٨ی ڕەزبەری ۹٥ی هەتاوی سزای ئێعدام لە سەر ٨ گیراوی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە گرتوخانەی ورمێ جێبەجێ کراوە.

بە پێی هەواڵەکە لە دوای ئەوە ئەو هەشت کەسە ڕۆژی بەرێ ڕەوانەی ژورە تاکەکەسییەکانی زیندان کرابوون و ڕۆژی پێج شەمە سزا کەیان لە زیندانی ورمێدا لە سەر جێبەجێ کرا.

سەرچاوەکە ناوی ئەو کەسانەی بەم شێوە هەناردە کردوە؛ بێهنام پیرکوزادگان و ملووک نوری کە هاوژینی یەک بوون ــ ئیسماعیل ئەیوبی ـ کەرەم کڵۆشی ـ قادر مەحمودی ـ ئەفەندی عەمری ـ کریت (ڕەزا) عەبدولزادە ـ فەرهاد مەلەکی ـ کە هەمویان خەڵکی ورمێن بێجگە لە و ژن و مێردە کە بەخەڵکی کرماشان پێناسە کراون.

شایانی باسە لە مانگی ڕابردوەوە تاکو ئێستا ۳٤ کورد لە زیندانە جیا جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بە بیانوی جۆراو جۆر لە سێدارە دراون. ئەمە جگە لەوەی هەواڵی لە سێدارە دانی کوردێکی تر خەڵکی مهاباد لە زیندانی خۆڕەم ئاوای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردساتندا بڵاو کرایەوە، جێگای سەرەنجە بە نزیک بوونەوە بە مانگی مۆحەڕمی کۆچی مانگی ڕێژەی لە سێدارەدانەکان لە ئێراندا بە شێوەێکی بەرچاو هەڵکشانی بە نسبەت مانگەکانی ترەوە بە خۆییەوە بینیوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان