ک.م.م.ک:
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو، یەکشەممە ڕێکەوتی ۲۵ی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ژمارە ٢ی حکوومەتی ئێران لە شاری شنۆ ئەیووب ئاغالیانی هاووڵاتی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی شنۆ، سزای ١٠ ساڵ و٦ مانگ بەندکرانی زۆرە ملی و ٧٠ قامچی بە سەر دا سەپاند.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٠ی مانگی ڕێبەندان دا لە لایان لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی ورمێ بە تۆمەتی تێکشکاندنی سامانی گشتی بۆ دژایەتی لە گەڵ دەسەڵات و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی و گشتی سزای ساڵێک و پێنج مانگ بەندکرانی زۆرە ملی بۆ بڕا بۆوە.
هەروەها شەممە رێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمە دانیشتنی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە لە لقی ٣ی دادگای شۆرشی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی و تێکشکاندنی سامانی گشتی بۆ دژایەتی کردنی دەسەڵات و چەک هەڵگرتن بە دژی حکوومەتی ئیسلامی سازدرا.
ع. ر