بۆکان؛ سەپاندنی ٣ساڵ و ٨ مانگ زیندان بەسەر هاوڵاتییەکدا

ک.م.م.ک:

پێنجشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢ی کوردی هاوڵاتییەک بەناونیشانی جەلال ئەمینی لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای سزاکانی ئێران لە بۆکان بەتۆمەتی ئەندامەتی و هاریکاری حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی ئێرانی ٣ساڵ و ٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

بەگوێرەی هەواڵەکە ناوبراو ٢٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی و پاشان بۆ گرتووخانەی ئێران لەورمێ ڕاگوازرا و دوایی لێپرسینەوە گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێدان لە شاری بۆکان.

شیاوی باسە کە ناوبراو لە ناوەڕاستەکانی مانگی خەرمانان بەدانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

جێی بیرهێنانەوەیە کە ناوبراو خێزاندارە و هاوژینەکەیشی بەناونیشانی عەزیمە ناسری پێشینەی زیندانی سیاسیی هەیە و لە گەلاوێژی٢٧٢١ی کوردی و بەفرانباری ٢٧٢٠ی کوردیش دەستبەسەر و پاش چەندد مانگ بەدانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *