ک.م.م.ک:
بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە لایەن پەنابەرێکی کورد بەناوی ڕامان نەسیری زادە لە دانیمارکەوە گەیشتۆتە ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان، چوار پەنابەری ئێرانی لە دانیمارک بە ناوەکانی ڕامان نەسیری زادە، محەمەد عەمارلوو، حەسەن خەتام پوور و ئومێد شەهبازی بە تۆمەتی نووسینی دروشم لەسەر دیواری باڵیۆزخانەی ئێران لە کۆپنهاگ-ی پایتەختی دانیمارک سزای نەخدی، زیندانیکردن و ئەگەری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران سزا دران.
بەپێی ووتەکانی رامان نەسیری زادە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا هاتووە: بەپێی حوکمی دادگای دانیمارک، هەر چوار کەسەکە بە بڕی ۱٥ هەزار کرۆن-ی دانیمارکی و ماوەی زیندانی لە یەک بۆ شەش ساڵ و ئەگەری دیپۆرتکردنەوە بۆ وڵاتی ئێران سزا دراون و بڕیاری کۆتایی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەردچێت.
جێی باسە ئەم چوار پەنابەرە ئێرانییە ساڵێک لەمەوبەر لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئێران لە ئەهواز دروشمیان لە دژی حکوومەت لەسەر دیواری باڵیۆزخانەی ئێران لە کۆپنهاگ نووسیبوون.
ڕامان نەسیری زادە، بە ناوی هاوڕێکانییەوە داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی پاراستنی پەنابەران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە دژی سزای ناڕەوای دادگای کۆپنهاگ بوەستنەوە و ڕێگری بکەن لە دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران چۆنکە لە ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی ناوبراوەکان، لەلایەن دەستەڵاتی دادوەری ئێرانەوە بە تۆمەتی وەک موحاریبە و زیانگەیاندن بە مڵکی حکوومەت و سەرپێچی و … تووشی ئەشکەنجەدان زیندانی کردنی درێژخایەن دبن و تەنانەت سزای لە سێدارەدانیشیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
ع. س