دوابەدوایی بەرین بوونەوەی نارەزایەتیەکان دژ بە گرتەویدیۆیەکەی ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکانی ژن لە بەیانیەیەک دا داوا لەو حیزبە و بە تایبەتی ناوەندی ژنانی ئەو سازمانە دەکەن، وەڵام دەر بن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەیانیەی ئەو چالاکانەی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو خۆیی بڵاو دەکاتەوە.
بەیانیە:
بەیانییەی نارەزایهتی چالاکوانانی ژن لە ڕۆژههڵات کوردستان دژی بە سووکایهتی حیزبه سیاسیهکان به ژنان
لە ڕۆژانی ڕابردوو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەڤیدیۆیەک بڵاو بۆوه کە تێیدا چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران(حدکا)، بەشێک لە ژنانی تێکۆشەر بە وشەگەلی سێکسیستی و به سووكایهتی ناولێدەبەن. لە بەشێک لەم ڤیدیۆدا یەکێک لە پێشمەرگەکان له دەستەواژەی “هەڤاڵی بێگون” بۆ ئاماژه به ژنانی گەریلا كهڵك وهردهگرێ. ئەم جۆرە سووکایەتییە كه لووتکەی سێکسیزمی زمانی و بیرۆکەی “پیاو تەوەر” لە دیالۆگی ئەو پێشمەرگانە دهسهلمێنێت، لە لایەکەوە ئامرازێکە بۆ دابەزاندنی کۆی ناسنامەی سیاسی و تێکۆشانی ژنانی تێکۆشەر بە ئۆبژەیەکی سێکسی و لەلایەكیترەوە لهبەرچاونەگرتنی پێناسەی سەربەخۆی ژنانه بێگرێدانی بە سێکسواڵیتەیەک لەسەر هێزی نێرینەی پیاوان.
دەبێ ئەوەش بگوترێت ئەم زێهنییەتە تایبەت بەم حیزبە نەبووە و نییە، زۆر جاریش لە حیزبەکانی دیکە خۆی نیشان داوە.
سهرهڕای ئەزموونی پێویست بۆ ڕووبهڕووبوونهوهی سەمبولیک، سیاسی و نیزامی ئەم حیزبانە لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی؛ راستییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ئهوان نەیانتوانیوە به درێژایی ساڵهكانی خهباتی سیاسی، خۆیان لە پێكهاته جنسیهتییهكان و نێرسالاری زاڵ به سهر کۆمەڵگادا دەرباز بکەن و گوفتمانی پیاو تهوهری دهسهڵات به شێوازێتر نهوژێنی دهکهنهوه. تێڕوانینی ئەوان بۆ ژن و بابهتی جنسیهت گیرۆدهی هەر ئەو زێهنییەتە دژهژن و كلێشهییهیه کە لە نێرسالارترین و دواکەوتووترین بەشەکانی کۆمەڵگا دەیبینین. ئەگەرچی به بوونی ناسیۆنالیزم وەک دالی ناوهندی زۆربەی ڕهوته سیاسییەکانی رۆژهەڵات، ئەم جۆره هەڵسوکەوتە تا ڕادەیەک چاوەڕوان کراوە. چونكوو ناسیۆنالیزمی کوردی و ڕوانینی کەرەسەیی و سنوورداری بۆ کێشەی ژنان، لە بههێزكردنی ئەم ڕوانگهیه رۆڵی سەرەکی بینیوە. بۆیە دەبینین دوای تێپەربوونی زیاتر لە سەدەیەک لە دەسپێکی خەباتی نەتەوایەتی کورد، هێشتا سێکسیزم بەشێک لە جڤاكی بوونی خەباتکارانی کوردە؛ خەباتکارانێک کە دەبێت هەڵسوکەوتیان سەرمەشق و نموونە بێت بۆ تاکەکانیتری کۆمەڵگا، لە رەوتێکی دواکەوتووانەدا نە تەنیا ناتوانن ببن به سەمبولی کۆمەڵگا بۆ بەرەوپێشچوون، بەڵکوو بڕێک جاریش لە کۆمەڵگا جێماون.
ژنانی ئەمڕۆی رۆژهەڵات بەو ئاگاهییە گەیشتوون لە بەرامبەر هەر چەشنە پاساوێکی حیزبی وەکوو ” کێشەی نەتەوەیی یەکەمایەتی سەرەکی ئێمەیە”، “رزگاری ژنان لە پێناو رزگاری بزووتنەوەی ناسیۆنالیستییە” ، “هێنانه ئارای ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان یاریدەری دوژمنانی کوردە” ، “ژنانی نەتەوەکانی دیکەش تووشی توندوتیژی دەبن و ئەمە تایبەت بە کورد نییە” بێ دەنگ نهبن و چاویان لە بەرامبەر هەر چەشنە سووکایەتییەک بە ژنان دانهخەن. بۆمان ڕوونە هەڵبژاردنی بێ دەنگی، نە تەنیا دەرگای هەر رەخنە و ناڕهزایەتییەک دادەخات، بەڵکوو پێویستی گۆڕانی بنەڕەتی لە کۆمەڵگا و رێکخراوە خاوهن دەسەڵاتهکان دهكاته قوربانی ئامانجە کورتخایهنهكانی حیزب.
ئێمە وەکوو بەشێک لە ژنانی ڕۆژهەڵات وێڕای بهرههڵستبوونهوهی سێکسیزمی گونجاو لە ناو ڕهوته جیاوازە سیاسییهكانی کوردستان؛ دیالۆگ و تێڕوانینی دژە ژنی ئەم گرتەڤیدیۆیە ئیدانە دەکەین و چاوەڕوانی ئەوەمان هەیە کە یەکیەتی ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە پێی ههر ئەو بنەماگهلهی له سهری دامهزراوه، دەنگی ئەم ناڕهزایەتییە ببیستێت. ئەم بەرپرسیارێتییەی ژنانی حیزبەکانی کوردستان بە تایبەت ئەوانەی لە رێکخراوهگهلێك لەژێر ناوی ژنانەوە کار دەکەن، دهبێته هۆی ئهوهی كه بەم جۆرە هەڵسوکەوتانە هەستیار بن و بە دەربڕینی هەڵوێستی شیاو بیسەڵمێنن لە بەرامبەر چەوساندنەوەی رەگەزی بێ دەنگ نابن و لە هیچ بارودۆخێک باوەڕە یەکسانیخوازەکانیان قوربانی بەرژەوەندی حیزبی ناکەن. کۆی ژنانی کورد بە تەواوی جیاوازی بیروڕامان، پێویستە کۆدەنگ بین بۆ ئەوەی هەر هۆیەک و فاکتۆرێک پهره بە بهرههمهێنانهوهی پێكهاته نایەکسانە جنسییهتیهكان بدات بێ هیچ پاساوێک رەخنەی لێ بگرین. هیوادارین ئەم بەیانییە دوور لە خوێندنەوەی حیزبایەتی و کێشە حیزبایەتییەکان وهڵامی شیاوی پێ بدرێتەوە.
1_ناهید موکری 2_مەهین شوکرولاپوور 3_سەحەر دیناروەند 4_پەروانە کەریمی 5_ئاڤا ئەنوەری 6_فاتمە کەریمی 7_رووناک فهرههنگ 8_فەرزانە جەلالی 9_بەیان موحەمەدی 10_سەما شاملوو 11_سۆمەیە رۆستەمپوو 12_ئەفسانە بەهەشتیزادە 13_هاوژین بەقالی 14_ئازادە رەحمانی 15_نگین ئازەری 16_سەرگوڵ حەسەنی 17_فرمێسک زاهێدی 18_نگین وەتەندووست 19_ئازەر تاهێرئابادی
20_هیوا خدری 21_شەیدا یووسف پوور 22_سروور فاتحی 23_شەهین غۆلامی 24_مەریەم فەتحی
25_الهام رازیانی 26_نگین وەتەنی 27_فاتمە عەبدی
28_زهینهب بایهزیدی 29_هۆدا سەلیمی 30_ژیلا ئەحمەدی
31_شەهین موحەمەدی 32_سرشین قادری 33_کەژاڵ حەیدەری 34_زیبا ئەکبەری 35_کوێستان ئەمینی
36_چنوور سەعیدی 37_فەرزانە خالێدی 38_دەریا مەنووچێهری 39_گوڵاڵە خزری 40_شهیدا مۆرادی
41_سەمەر فاتمی 42_لەیلا عنایەت زادە 43_فەزیلەت خۆدامۆرادی 44_فەرەحناز میروانی 45_چنوور عنایەت زادە 46_فریدا نارین 47_ئارزوو ئێمامی 48_فەریدە رەحیمی 49_فەریدە رزایی 50_فرشتە بەهمەنی 51_سهمیره غهفووری