بێ ڕێزی ئەندامانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بەژنان

لە دوای بڵاو بوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیویەی  پێشمەرگەکانی حێزبی دێمکراتی کوردستانی ئێران  لە ٥ ڕۆژی ڕابردوودا کە تێیدا بێڕێزی بە نیوەی کۆمەڵگا واتە ژنانی کورد کە لەهەموو قۆناغەکانی شۆڕشدا ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لەخەبات دژی کۆیلایەتی وداگیرکاری دژبە سیستەمی پیاوسالاری کراوە ، ئێمەی وەکوو ئەرک و پیشەی  مرۆڤایەتی ومافخوازانەی  خۆمان بەو بڕوایە گەیاندوە بەمافی خۆمانی بزانین بۆپاراستنی مافی مرۆڤ وبەتایبەت مافی ژنان  ئەم پێشێلکارییە بۆڕای گشتی گەلی کورد بەتایبەت ڕۆشنبیران وڕێکخراوەکانی مەدەنی وسیاسی وچالاکانی جڤاکی کۆمەڵگاکەمان ئاشکرابکەین.

هەربۆیە لە ڕۆژی سێشەمە ۲۳ی خەرمانی ۹٥ ی هەتاویدا بە نامەیەکی تایبەت بو دوو ناوەندی فەرمی حدکا ، کە دەقی نامەکەو ڤیدیوکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت.

مەخابن حدکا هیچ وڵامێکی نەداینەوە وئەمەیش ئەو واتایە دەگەیەنێت کەحیزبی ناوبراو گوێڕایەکی مافەکانی مرۆڤ وبەتایبەت مافی ژنان نییە وبەپێویستمان زانی دەقی بابەتەکە بخەینە بەردەست ڕای گشتییەوە بۆ وروژاندن ولێکۆڵینەوە وبەدوادا چوون ،چونکوو پرسەکە پرسێکی جڤاکییە وهەموو جومگەکانی کۆمەڵگا وبەتایبەت ڕەگەزی ژنان دەگرێتەوە کەساڵانێکە کەوتوونەتە بەرتەوژمی ڕەشبینانە وبەکۆیلەبوونەوە.

ئێمە وکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەرمانە هەرچەشنە بێ ڕێزی وپێشیلکارییە کەلەلایەن هەر دەوڵەت وحیزب ولایەنێکەوە بێت بەرجەستە بکەینەوە وبیگەیەنین بەڕای گشتی بۆئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت بەبێ جیاوازی  وتا دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ۲٦ی خەرمانان  کاتمان بۆلایەنی پێوەندیدار دیاری کردبوو ئەگەر وڵامێکی فەرمی لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیداری حزبی دێمکراتی کوردستانی ئێرانەوە بڵاو نەکرێتەوە ئەوا هەڵوێستی ئێمە دەچێتە قۆناغی کرداری وجێبەجێکردنەوە.

هەربۆیە داوا لەهەموو  گەلی کوردو ڕێخراوە مافی مرۆڤییەکان وئەولایەنانەی خۆیان بەبەرپرسیار دەزانن هیچ چەشنە بێڕێزییەک لە هیچ لایەنێک پەسەند نەکەن ولەهەمبەر ئەم چەشنە کردوە قڕێژ وگەمارانەدا کە بەرانبەر بەهەر چین وڕەگەز ولایەنێک بکرێت بێدەنگی هەڵنەبژێرن وئیدانەی بکەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

 

دەقی نامەکە:

لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بۆ؛ لایەنی پەیوەندی داری حیزبی دێمکراتی کوردستانی ئێران

سڵاو وڕێز یەکێک لە شانازیەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ، سەرە ڕای دابەشبوونی خاکی كوردستان بە سەر چوار وڵاتی داگیرکەردا و لێک ترازانی سێ بەشی کوردستان لە گەڵ بەشی ڕۆژهەڵاتیدا بەدرێژایی ٥۰۰ساڵ و خۆڕاگری نەتەوی کورد لەگەڵ کلتوری داگیرکەردا ، هێشتا شیرازە و نەریتی مرۆڤ دۆستانه‌ی کوردەواری نەگۆڕ ماوەتەوە.

بەتایبەت لە کلتوری ڕەسەنی کوردەواریدا ژن پەراوێز نەخراوە و لە گۆشەی متبەخ و مناڵداریدا قەتیس نەکراوەتەوە ، ژنانی ڕووهەڵماڵا و بێباکی کورد زۆرجاران پێشەنگ و بەرپرسی کۆمەڵگای خۆیان بوون.

کەوابوو یەکسانی ژن و پیاو لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا شتێکی نامۆ نییە و مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات.

گەلۆ

لەچەن ڕۆژی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکاندا ڤیدیوێک بڵاو کرایەوە کە “پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حدکا خەریکی ساز کردنی شوێنێکن بۆ بەیتووتە.لە ڤیدیو کەدا یەکێک لە پێشمەرگەکان باسی ئاوەڵایی شوێنەکەی دەکات و زۆر بە پەرۆشییەوە خوزگەدەخوازێت هەڤاڵێکی بێ “گون” هاو جوتی بێت و تەنانەت پێشمەرگەکانیتر خۆزگەکەی بەرز دەکەنەوە بۆ داخوازی لە فەرماندەکەیان کە هەڤاڵی بێ گونیان بۆ بێنێت .

ئەمە جگە لەوەی لە باری مرۆڤایەتییەوە زۆر بێڕێزی بە جنسی ژن کراوە و بە گوندار و بێگون ناو دەبرێت ، لە گەڵ چوارچێوە و پرەنسیپی ئێخلاقی مرۆڤایەتیدا یەکناگرنەوە .

بڵاو کردنەوەی ئەو ڤیدیو لە هیچ کاتێکدا جگە لە لەتمە و بێ باوەڕی و لێکترازانی بناخەی یەکسانی و مرۆڤایەتی و خەوشەدار کردنی بزاڤی مرۆڤدۆستانە هیچی تری تێدا شین نابێت .بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆ کەو گاڵتەو گەپی پێشمەرگەکان بە ژنان (بێگون)جگە لە بێڕێزی و سوکایەتی بە نیوەی کومەڵگا دەتوانێت چ واتاێیکی تری هەبێت؟

بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای ڕەخنەی جدی لەو گوفتمان و هەڵسوکەوتانە داواکارین ڕێگە نەدرێت، ئەم دیاردە دزێوە ببێت بە نەریتێکی گشت گیر و هەمەلایەنە. چونکە بێڕێزی بە هەر مرۆڤێک جا لە ژێر هەر ناو ناسناوێکدا بێت (کاکە ، دادە و هەڤاڵ و هاوڕێ ، خاتوون …) “دەچێتە خانوی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤەوە.

بەم بۆنەوە لە بەر پرسانی حیزبی دێمکراتی کوردستانی ئێران داواکارین لێکوڵینەوەی ورد سەبارەت بە چۆنییەتی ومەبەست لە بڵاو کردنەوەی ئەو ڤیدیو بکات و بەفەرمیش وەڵامدەری ئەو بێڕێزییە بن.

ئەم نامەیە ئاوەڵا هەناردەو بڵاوی ناکەینەوە و تا بڕواری ۱٥ ی ئوتی ۲۰۱٦ ــ ڕۆژی پێنجشەمە کاتژمێر ٤ی دوا نیوەڕۆ چاوە ڕووانی وڵام و ئاکامی لێکوڵێنەوەی ئێوەدەکەین بۆ ڕای گشتی و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بێجگە لەوە دڵنیابن ڕێوشوێنی تایبەت بە خۆمان دەگرینەبەر.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

2016.09.13