بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وەرگیراو لە Hrkurd، ئەفسانە بایەزیدی لە بەشێکی نامەکەیدا کە لە ڕێگای ژنە بەندکراوێکی کوردەوە ناردویەتە دەرەوەی زیندان، من هەر ئەو ئەفسانە بایەزیدیەم کە بۆ ماوەی ۹۰ ڕۆژ ئەشکەنجە و ئازار درام، لە تەواوی ئەو کاتەیدا کە دەستبەسەر بووم بە هەموو شێوەیەکە و بە هەموو جۆر کەرەسەیەک ئەشکەنجە درام، لە یەکەمین ڕۆژەکانی دەستبەسەریدا ئاستی ئەشکەنجە بە ڕادەیەک بو کە هێزی ڕێگا ڕۆیشتنم نەبوو، لاقەکانم و پشتم ڕەش و شین ببونەوە.
ئەفسانە بایەزیدی چالاکی خویندکاری کورد خەڵکی بۆکان لە خەزەڵوەری ۱۳۹۲ دا، بە تۆمەتی هاوکاری کردن لە گەڵ پارتێکی کوردی دژی حکومەت دەستبەسەر کرا و پاشان بە دانانی بارمتەی ۱۰۰ میلیون تمەنی لە زیندان ئازاد کرا و بە دوو ساڵ زیندانی هەڵواسراو سزا درا و لە ڕۆژی یەک شەممە ۳۱ گەلاوێژ ۱۳۹٥پاش سێ مانگ بێ سەروشووین بوون لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی شاری مهاباد بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و بێڕێزی کردن بە ڕێبەری، هاوکاری کردن لە گەڵ پارتێکی کوردستانیدا بە چوار ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی کرمان سزا درا و دوابەدوای ئەوە لە ڕۆژی ۱۸ خەرماناندا بۆ تێپەڕاندنی چوار ساڵ سزاکەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی کرمان.
دەقی نامەکەی ئەفسانەی بایەزیدی:
بە قەڵەمێکی زۆر ڕەوان باسی ڕەنجو ئەشکەنجەکانم، لە سوچی بەندیخانەدا دەنوسم. من ئەفسانەی کوردستانم، کچە گەنجێکی کورد لە دەڤەری کوردستانی بێ وەریکراوی ئێران کە لە ناو پۆلی هەژار و چەوساوە لە دایک بووم ولە گەڵ نادادپەروەری و ستەمەکانی ئەم حکومەتە چەواشەکارەدا شارەزابووم. زاخاوی هەژاری و بێ دەرەتانیم چێشتوە.
ئەفسانەیەک کە لە منداڵیەوە لە گەڵ ئێش و ژان گەورەبووم، ۷ ساڵان بووم باوکم بە هۆی کارەساتی هاتووچوەوە گیانی بەخت کرد و لە سەرەتای منداڵیەوە دایکم بوو بە قیبلەی من، بۆ من بوو بە باوکێکی دڵسۆز و دایکێکی بێ وێنە، بەڵام ڕۆژگارێکی دژوارم تێپەڕاند ڕۆژ و شەو کار کردنی دایکم بۆ بژێوی ژیانی من و براکەم (شاهۆ) تا کو چاوڕوانی دەستی کەس نەبین و بە شەرافەتەوە ژیان بکەین و بەردەوام ئاواتی دایکم دڕێژەدان بەخویندن و چوون بۆ زانکۆ بوو، سەرئەنجام لە سێبەری شەونخونی دایکما توانیم بچمە زانکۆ، مەخابن ڕەوشتی ژیانی من گۆڕدرا و بەرەو ڕێگەیەکی دیکە هەنگاوم هەڵهێنا.
بەردەوام هەوڵی من ئەوە بو کە لە گەڵ خەڵکانی کورد بم و ئەو کوردستانەی کە ۳۷ ساڵە لە زەلکاوی کۆماری ئیسلامیدا خنکاوە، بەشدار بم.
بەڵێ: من ئەفسانەی کوردستانم کەساڵانێکە لەژێر ستەم ونکۆڵی چەوسێنەراندا، هاوچەشنی سەدان منداڵ وگەنج وژن وپیاوی بەساڵاچوو لەکوردستانێکی بێبەش وحاشالێکراو کەهەرساتەو سێبەری مەرگ لەسەرمان بووە، ژیاوم.
بەڵێ؛ من هەمان ئەو ئەفسانەیەم بۆماوەی ۹۰ ڕۆژی ڕەبەق، ئەشکەنجە وئازار، لەهەموو ئەو زەمەنەی لە گرتووخانەدابووم بەهەرتەرز وهەر کەرەستەیەک ئەشکەنجە کرام. یەکەم ڕۆژەکانی دەستبەسەریم ئەشکەنجەکان تا ئاستێک بوون کە توانی ڕۆیشتنیشم نەمابوو. پێیەکانم وپشتم بەتەواوی ڕەش ببوویەوە. بەتەرزێک لێیان دەدام کەلە زار و لووتمەوە خوێن دەهات، تەنانەت بەقەدەر سەری دەرزییەکیش بەزەیان پێدا نەدەهاتم وبۆماوەی ۱٥ڕۆژ لە بەشی تەندرووستی ئیتلاعاتی ورمێ بۆچارەسەری خەواندمیان کەچییان لەگەڵ کردم و لێواری مردندا بووم بەڵام بەپێی ئەوەی کورد بوومو کورد بوونیش تاوانێکی هەرە گەورەیە ونەیارەکەیشی هەرگیز ئێمەی بە ئەندامی ئێران ئەژمار نەکردووە وبەفەرمی نازانێ. گەر جگە لەمە بوایەت لەگەڵ من وهەزاران مرۆڤی مافخوازی دیکە وایان نەدەکرد.
لە کاتی لێپرسینەوە هەرکات ناوی خودام دەهێنا پتریان لێدەدام، بەڵام بەردەوام پێیان دەکوتم لەئیتلاعات خودا بوونی نییە وخودا لێرە کیلۆی چەنددە تاپێت بفرۆشین، دەتهەوێ؟
دوجار لانیکەم بۆماوەی چەندد کاتژمێرێک بە دەست وپێ هەڵیانواسیم. لەهەموو زەمەنی لێپرسینەوە وئەشکەنجە بە چاوبەند چاوەکانمیان بەستبوو بەچەشنێ کە ئیدی چاوەکانم خەساریان پێ گەیشتووە و واەست دەکەم سۆمای چاوم کزبووە. ماوەی چوارساڵی ڕەبەقە لەگەڵ نەخۆشی هەناسە کێشاندا ململانێمە وتەنانەت بۆئەوەی پێمل بم ودان پێدانانم لێ وەربگرن حەبەکانیان پێ نەدەدام بۆئەوەی ئازار بچێژم.
هەموو شێوازەکانی دژەیاسایی ودژە مرۆییان بۆدانپێدانان لەمندا تاقی کردەوە کەلەلایەن نەیارانمەوە پتر لە ۳ مانگ لەژوورە تاکەکەسییەکانی گرتووخانەی ئیتلاعاتی بۆکان و ورمێ دابووم،«هەڕەشەی دەستدرێژی جنسیم لێکرا» هەڕەشەی مردن وهەڕەشەی زیندانی کردن پەرستشگەم کە دایکمە، بۆماوەی ۱۱ ڕۆژ لە ئاودەستخانەی گرتووخانەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگیراموهەر لەو شوێنەیش خۆراکیان پێ دەدام، لەگەڵ ئاژەڵێکیشدا ئەو جۆرە هەڵسووکەوت ناکرێت کە نالەبارترین ڕەوشتی نەشیاویان لەگەڵ مندا هێنایە ئاراوە.
من هەمان ئەفسانە کچی کوردستانم، هەر شەو ڕێداران درگای ژوورە تاکەکەسییەکەمیان دەدایە بەر شەق بۆئەوەی ئاسایشم لێ وەربگرنەوەوهەوموویان بەناوی سۆزانی بانگیان لێ دەکردم؛ بەڵام من لەڕۆژانی قورسی لێپرسینەوە دژوارترین ئەشکەنجەی هۆڤانەی ئیتلاعاتی ورمێم لەسەر تاقی کرایەوە، بێ ڕەوشتی ڕێدارانی ئیتلاعات ئازاری دەدام وبەزۆر بەرگەم دەگرت، چەنددە بێ رێزی وسوکایەتیم پێ کرا کە ڕێدارێکی بێ ڕەوشتی ئیتلاعات کە ناوی ئیسلام لەسەر زاری نەدەبڕایەوە ولەو حکوومەتە وانەی وەرگرتبوو وهاوچەشنی ڕێبەرەکەی عەلی خامنەیی لەئایین وەکوو کەرەستەیەک بۆخەڵەتاندنی خەڵک کەڵک وەردەگرێ. ئەشکەنجە کرام. لەژێر گوشار وبەزۆرەملێ وایان لێکردم دان بنێم بە هەندێ شتی درۆدا بۆئەوەی بتوانن دژ بەمن دۆسیە بپێچمەوە کەهەر ئەو میتۆدە دژە مرۆیەی ئەوان کەوتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.
من هەمن کچی کوردستانم کەئیدی هیچ شتێک بەلامەوە گرنگ نییە تا لەدەستی بدەم، ئیدی هەڕەشەی دەستدرێژی و ئەشکەنجە ودوورخستنەوەیان لێ کردموخراپترینیان لەگەڵ کردم، ئیدی ترس ودڵەخورپەیەکم نییە کەوابوو
مافی خۆمە ڕاستییەکان بخەمەڕوو
هەروەها تەنیا چالاکانی کوردن کە چەنددین حەوتوو ومانگ لە ژوورەتاکەکەسییەکان بۆماوەی درێژخایەن دەکەونە بەر ئەشکەنجە وئازار قڕێژ، هەروەها زیندانی درێژ خایەن وئێعدامیان بەسەردا دەسەپێ.
چونکوو نەفرەت وڕق وقینی وەلایەتی فەقێ پتر لەسێ دەیەیە لەکوردستان درێژەی هەیە و هەڵسووکەوتی دڕندانە وسەرکوتکارانەی کۆماری ئیسلامی هەرگیز لەبیر ناکرێت.
من ئەفسانە؛ هەمان کچە خوێندکاری کورد، کەهەنووکە لەزیندانی کرمان ولەمافی هەرچەشنە چاوپێکەوتن وپێوەندییەکی تلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکەم بێ بەهرەم، وئەوڕۆ دڵفراوانی وئەمەگی خوشکێکی کوردبۆ ئەم نامەیەی بۆ هێنامە دەرەوە تاوەکوو ڕەنگبێ توانیبێتم تۆزێک لە ئازارەکانم هەڵبڕێژم وچیرۆکی مەرگ وژیانم ببیستن.
بەڵام نکۆڵی وستەم خۆناگرێ وبەڵکوو بەزوویی بن کۆڵ دەبێت.
بەڵام قسەیەکی نەکوتراو هەیە کەدەمهەوێ هەڵیڕێژم، براگەورەکەم کاک چەکۆ ڕەحیمی ئەندامی حیزبی دیمۆکڕاتی ئێران کۆچی دوایی کردکە من ئەوساتە وەختە لەلایەن دوژمنانەوە ئەشکەنجە دەکرام کەئەوان ماڵئاواییان لێکردین وئیدی لەگەڵمان نییە. من چەندد جارێک لەگەڵ ئەم خەباتکارە گورەیەم قسەم کرد، ئەو قسانەی کە بۆهەتایە لەلام دەمێننەوە بەڵام بۆچی؟ چونکوو گەلێک خێرا ڕۆیشت؛ کوتت کە کچی تۆم بەڵام لەم زیندانە دوو هاوڕێی ئەمەگناس هەواڵی کۆچی دوایی تۆیان بۆهێنام، فرمێسکم هەڵوەران وهەزارجار نەفرەتم ئاراستەی نەیارانی کوردستن کرد بەڵام کاک چەکۆ دەنگ وڕەنگت لەبیرناکەم ئەو دەمەی پێت دەکوتم شێرەکچی موکریانی. هەزاران سڵاوت لێدەکەم وخەباتەکەت بەرز دەنرخێنم ڕۆحت ئارام وحەساوە بێت.
بەڵام مەخەبن، مەخابن کە کەسانی وەکوو تۆ ڕۆیشتنوتاقمێک مانەوە کەبەهۆی دەسەڵات وکورسی حیزبی دیمۆکڕاتیان بەرەو توتالیتێریزم وپاوانخوازی ڕاکێشا، بەداخم.
داخ بۆ ئەو کەسەی کە پێی کوتم؛ کە من منداڵم ومافی ڕەخنەگرتن لە حیزبی دیمۆکڕاتم نییە.
هەزاران سڵاو بۆڕۆحی پاکی شەهیدانی کوردستان؛ شەهیدان، قاسملوو، شەرەفکەندی، فوئاد مستەفا سوڵتانی، دوکتۆرجەعفەر شەفیعی وهەزاران گیان بەختکردووی خەباتی ڕێی ئازادی.
ئەفسانە بایزیدی
بەندیخانەی ناوەندی کرمان
کۆمەڵەی مای مرۆڤی کوردستان