ک.م.م.ک:
یەکشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی، سەید خالید حسەینی چالاکی مەدەنی و ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدانی سازکردنی پێکهاتە کرێکارییەکان و ئەندامی کەمپەینی نا بۆ ئێعدام، بەدانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە ئازاد کرا.
شیاوی باسە کە ناوبراو ٣٠ی خەرمانان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستبەسەرکرا. ناوبراو دوو مانگ لە دەستبەسەریدا بووە و لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لێپرسینەوەی لێدەکرا.
ئەم چالاکە کرێکارییە، پاش کۆتایی قۆناغی لێپرسینەوە لە ڕۆژی شەممە ١٤ی خەزەڵوەر بۆ زیندانی ناوەندی ئێران لە سنە ڕاگوازرابوو.
سەید خالید حسەینی لە کۆتایی خەرمانانی ٢٧١٨ی کوردی، دوابەدوای ناڕەزایی نیشاندان بەرانبەر بە ئێعدامی سێ زیندانی سیاسیی کورد، ڕامین حسەین پەناهی، لوقمان مرادی و زانیار مرادی، لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێران لە سنە بەسەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی گردبوونەوە و ڕێکەوتن لەڕێی پڕوپاگەندە و هاندان بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان پاش ئێعدامی سێ زیندانی سیاسیی کورد بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
هەروەها ناوبراو دووشەممە ٤ی سەرماوەزی ٢٧١٩ی کوردی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
ق.ش