ک.م.م.ک:
چوارشەممە رێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتیەکانی ئێران هێرشیانکردە سەر ماڵ و نشینگەی هاووڵاتیانی شاری ڕەبەت و لە ئاکامدا چوار لاویان دەسبەسەرکرد.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە دەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، ناوی دوو کەس لە هاووڵاتیانی دەستبەسەر کراو بەم شێوەیە ڕاگەیاندراوە، عەبدوڕەحمان خزرپوور ١٧ ساڵە و ماردین خەڵکی گوندی باڵان.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە ناو و پێناسەی دوو گەنجەکەی تر هیچ زانیارییەک لە بەر دەست دا نییە.
بە گوێرەی لێدوانی کەسانی ئاگاداری خۆجێی، هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکان چوونەتە ناو ماڵی ئەم چوار گەنجە و به تووندوتیژی و لێدان لەگەل ئەندامانی بنەماڵە، ئەو لاوانەیان دەگەڵ خۆ بردوە.
هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی ئێران لە کاتی دەسبەسەرکردن و رفاندنی ئەو لاوانە، هیچ زانیاری و روون کردنەوەیەکان نەداوەتە بنەماڵەکانیان و سەرەڕای ئەوەش سووکایەتی و تووندوتیژی و لێدان یان بە کار هێناوە.
پێویستی بە ئاماژەیە کە، بنەماڵەی ئەو دەسبەسەرکراوانە چەندین جار سەردانی دامەزراوە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتیەکانی ئێران لە شاری سەردەشتیان کردوە بەڵام هیچ جوابێکیان نەداونەتەوە.
سەرچاوەیەکی متمانه پێکراو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند کە ئەو چوار گەنجە دەستبەسەر کراوە ڕاگواستوە بۆ ڕێکخراوە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتیەکانی ئێران لە شاری ورمێ و لەم چەند رۆژە دا شکەنجە و ئازار دراون.
پێویستە بگوترێ کە، هەر چوار گەنجە دەستبەسەر کراوەکە تەمەنیان لە ژێر ١٨ ساڵی دایە وحکومەتی ئێران بە کردەوە تاوانی ئەنجام داوە، دەستبەسەر و شکەنجەی کەسانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ نموونەیەکی ئاشکرای تاوان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە.
ع . ر