پشتیوانی لە ڕاپەڕینی دێموکراتیکی جەماوەری بکەن و لە پەیوەندی دیپلۆماسیتان لەگەڵ حکوومەتی ئێران کەڵک وەربگرن بۆ گوشار خستنە سەر ڕێژیم

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە حکومەتە دێموکراتەکان دەکەن کە پاڵپشتی لە ڕاپەڕینی دێموکراتیکی گەل لە ئێران بکەن و لە پەیوەندی دیپلۆماسی ئێوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گوشار خستنە سەر ئەم حکوومەتە دیکتاتۆرە کەڵک وەربگرن.

کوژرانی ژینا/ مەهسا ئەمینی کچێکی کورد لە لایەن حکوومەتەوە لە تاران، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی جەماوەری هێنایە ئاراوە کە ئەم تاوانە لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران مەحکووم دەکەن.

بە هەزاران هاووڵاتیی ناڕازی لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران هاتوونەتە سەر شەقامەکان و خوازیاری گۆڕانکاری و ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوون.

خۆپێشاندان و ناڕەزایی خەڵک لە حاڵێکدا چۆتە ناوە ٩هەمین ڕۆژی خۆی لە کاتێکدا هێزە ئەمنی و ئیتلاعات و سەربازییەکانی ئێران بە تەواوەتی توندوتیژانە مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەکانی خەڵکدا کردووە و تا ئێستا دەیان هاووڵاتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراو و سەدان کەس بریندار بوونە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندەران یەکجار زۆر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و لە ئێستادا لە ژێر ئەشکەنجەدان.

مافی ژیان، ژیانێکی شەرەفمەندانە و بەهرەمەندبوون لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، پێکهاتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنن، ئەو مافانەن کە لە ماوەی ٤٣ ساڵەی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامیدا کە خەڵک لێیان بێبەری کراون.

لە ئێستادا زۆربەی شار و ناوچەکانی ئێران کە بەشێک لەوان وەکوو ئیلام، سنە، کرماشان، شـنۆ، تاران، شیراز، ڕەشت، تەورێز ، ورمێ، مەشهەد و هتد، ڕووبەڕووی توندترین بەرەنگاری هێزی دەبنەوە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە و ئێمەش هەموو ساتێک شاهیدی کوشتنی خۆپیشاندەران هەین.

تاوانه‌كانی حكوومە‌تی ئێران ئه‌وه‌نده‌ قورسه‌ كه‌ خه‌ڵك هه‌موو شێوازه‌كانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌ی له‌ده‌ستداوه‌ و له‌ ئێستادا كه‌مترین په‌یوه‌ندی له‌ نێوان شار و ناوچه‌ جیاوازه‌كاندا نەماوە‌.

حکوومەتی ئێران بە بڕینی ئینتەرنێت و ئامرازەکانی دیکەی پەیوەندی، بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵک و سەپاندنی دەسەڵاتی پاوانخوازانەی خۆی بەسەر خەڵکدا، هەوڵ دەدات ئەم ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییانە سەرکوت بکات.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی دەسەڵاتی خۆیدا، نە لە گۆڕەپانی ناوخۆ و نە لە دەرەوە لە هیچ تاوانێک خۆی نەپاراستووە.

لە ناوخۆی ئێراندا خەڵک لە سێدارە دراون و زیندانی کراون و مافی سرووشتی ژیانێکی ئازاد و شەرەفمەندانەیان لێ زەوت کراوە.

لە گۆڕەپانی دەرەوەدا هەمیشە پشتیوانی لە تیرۆریزم کردووە و هەوڵی داوە لە وڵاتان نائەمنی درووست بکات و بە ڕێکخستنی گروپە تیرۆریستییە توندڕەوەکان ئاشتی نێودەوڵەتی بخەنە مەترسییەوە.

دروشمی “ژن ژیان ئازادی / زن زندگی آزادی” بۆتە هێمای خۆڕاگری نەتەوە ستەملێکراوەکان لەدژی ئەم حکومەتە دیکتاتۆرە و هەموو گروپە نەتەوەیی و مەزهەبیەکانی ئێران، لەوانە کورد، فارس، تورک، بەلووچ، عەرەب، تورکمان، بەهایی، سوننە و هتد.. بە کۆی دەنگ دەیانەوێت ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی و دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراسی لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی گەردوونی مافی مرۆڤ بێت.

بۆیه‌ ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤی کوردستان داوا له‌ هه‌موو لایه‌ک و به‌تایبه‌ت حکوومه‌ته‌ دیموکڕاتە‌کان و به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریکا ده‌که‌ن که‌ پشتیوانی له‌ ڕاپه‌ڕینی گه‌لی ئێران بکه‌ن و به‌ به‌کارهێنانی بایکۆتی سیاسی و دیپلۆماتیک چه‌کی پشتیوانی له‌ تیرۆریسمی ئه‌م ڕێژیمه‌ بێ کاریگه‌ر بکه‌ن.

لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە بە هانای خەڵکی ناڕازی و بە پشتیوانی سیاسی داوای ڕاگرتنی ماشێنی کوشتاری کۆماری ئیسلامی بکرێت و لە هەنگاوی دووهەمدا ئەگەر بتوانرێت هەموو باڵوێزخانە و ناوەندەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران دابخرێت.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای پشتیوانی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە مافی خەڵک لە ئێران، لە ئێوە حکوومەتە دیموکڕاتیکەکان داوا دەکەن کە بە بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ئێران، خۆتان بخەنە بەرەی ئازادیخوازانەی خەڵک و لەگەڵ ئەوان دەسەڵاتی دیکتاتۆری لایەنگری تێرۆریسم لەسەر کار لاببەن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران

سەنتەری فۆڕکورد
ڕوونووسی ئەم بەیاننامەیە بە زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا نێردراوە.

ک.ح

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *