خۆپیشاندانەکانی کوردستان; دەستبەسەری هاوڵاتییەک و بانگهێشت و هەڕەشە لە کەسێکی تر

ک.م.م.ک:

یەکشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، فەرانەک ڕەفیعی دوابەدوای بەشداری لە گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین دژبە کوشتنی دەوڵەتی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.

شیاوی باسە کە شەممە ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز و هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆسەر خۆپیشاندەرانی بەشداربوو لەم ڕێوڕەسمە، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی لە شارەکانی دیکەی کوردستان لەڕێی پێوەندی تلەفوونی دامەزراوە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی دەستبەسەریان لێکرا.

ژینا مودەڕسی گورجی چالاکی مافی ژنان یەکێک لە چالاکانی نیشتەجێی شاری سنەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە پێوەندییەکی تلەفوونیدا هەڕەشەیان لێکردووە کە لە ئەگەری بەشداری لە گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕینی شاری سنە ڕووبەڕووی دواهاتی مەترسیدار دەبێتەوە و دەیکوژن.

هەروەها هەڕەشەیان لێکردووە کە نابێت هیچ چەشنە چالاکییەکی میدیایی و مەجازی هەبێت و لە ئەگەری هەر چەشنە پشتیوانییەک لە خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی سزای گران دەبنەوە.

شیاوی باسە کە گردبوونەوی ئەوڕۆی یەکشەممە٢٧ی خەرمانان، کوردستانیان، بەدەستێوەردانی هێزە ئەمنیی و ئینتزامییەکانی ئێران گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و چەندد هاوڵاتییەک بریندار و چەندد کەسێکیش دەستبەسەر کران کە فەرانەک ڕەفیعی یەک لە دەستبەسەرکراوانە.

مەهسا(ژینا) ئەمینی ژنێکی گەنجی ٢٢ساڵ تەمەنی خەڵکی سەقز کە سەردانی تارانی کردبوو، ڕۆژی سێشەممەی حەوتووی ڕابردوو لە وێستگەی میترۆی حەقانی تاران لەلایەن هێزەکانی پولیسی ئەمنییەتی ئەخلاقیییەوە دەستبەسەر کرا. دواتر ئەشکەنجە و لێدانی لێدرا و چووە کۆماوە و ڕۆژی هەینی٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

پاش کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکوومەتەوە، شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایی بە کوشتنی ناوبراو ڕژانە سەر شەقام و لە شارەکانی سنە و سەقز شایەتی ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵکین.

ق.ش

Leave a Reply

%d bloggers like this: