سەقز؛ بوونی بەربڵاوی خۆپیشاندەران لە شەقام و تەقەو هێرشی هێزە ئەمبییەکان لە خەڵک

ک.م.م.ک:

شەممە ٢٦ی خەرمانانی٢٧٢٢ی کوردی، بەپێی ئەو هەواڵەی لەسەقزەوە ڕاگەیەندرا، تەرمی ژینا ئەمینی بەئامادەبوونی هەزاران هاوڵاتی ناڕازی بە کوشتنی ناوبراو، لەلایەن دامەزراوە ئەمنیی و ئینتزامییەکانی ئێرانەوە لە شاری سەقز بەخاک ئەسپەردە کرا.

خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەر بە کوتنەوەی درووشمگەلێک دژی حکوومەتی ئێران کوشتنی ئەم کچە ٢٢ساڵ تەمەنەیان مەحکووم کرد. بمرێ دیکتاتۆر، ژن ژیان، ئازادی، سروودی ئەی ڕەقیب لەو درووشمانە بوون کە دژی حکوومەتی ئێران کوترانەوە.

شیاوی باسە خەڵکی خۆپیشاندەر لەو شەقامانەی بەرەو شوێنی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینی بوون کەوتنەبەر هێرشی هێزە ئەمنیی و چەکدارەکانی ئێران و بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێکرا و کۆمەڵێکیان برینداربوون.

بەگوێرەی هەواڵەکە، دۆخی تەندرووستی یەکێک لە خۆپیشاندەران شپرز و ناجێگیرە.

ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیڕشادی ئێرانەوە لە تاران دەستبەسەر و ئەشکەنجە و کوتەک و لێدانی بەرکەوت، پاشان لە ئۆرگانێکی ئەمنییەتی لێپرسینەوەی لێکرا و هەرلەوێ بەبۆنەی گرانی ئەو زەبرانی لێی درا لە هۆش دەچێ و بەدواخستن و کات لەدەستدانەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لە کۆتاییدا بەبۆنەی ئەو زەبرانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەسەری دراوە، گیانی خۆی لەدەست دەدات.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *