سوعدا خەدیرزادە سزای١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

ک.م.م.ک:

سێشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسی زیندانیکراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێران لە ورمێ و خەڵکی شاری پیرانشار، بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە لایەن لقی سێی دادگای تاوانەکانی حکوومەتێکی ئێرانی کە بنکەکەی لە شاری مەهاباد بووە بە تۆمەتی “یارمەتی کردن لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران و ئەندام بوونی لە یەکێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ” بە ١٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

ئەم حوکمە لە رێکەوتی ئاماژەپێکراودا بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە راگەیاندراوە.

شایانی باسە کە، سوعدا خەدیرزادە لە کاتی دەستبەسەری و لە کاتی دادگایی کردنیدا هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە.

لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢١ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەبێ ئەوەی فەرمانی دادگایان پێبدات لەکاتێکدا دووگیان بوو، دەستبەسەریان کرد.

ئەم زیندانییە سیاسییە سەرەڕای ئەوەی لە هەمان کاتدا دووگیان بووە، تووشی ناڕەحەتی گورچیلە و دڵ و دیسکی کەمەر بووە، لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا تووشی ئەشکەنجەی دەروونی توند بووە.

هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران، سوعدا خەدیر زادەیان بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی بردووە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ.

بە یارمەتی نەشتەرگەری منداڵەکەی لەدایکبووە و دوای ئەوە لەگەڵ منداڵەکەی گەڕێندرایەوە زیندان.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە و بە هۆی گوشاری دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران بەمەبەستی بەزۆر دانپێدانان، هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ک.ح

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *