هێزە سنوورییەکانی ئێران لە سەردەشت هەڕەشە لە ماڵباتێکی مەڕدار دەکەن گوندەکەیان جێ بهێڵن

ک.م.م.ک:
بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، چوار شەمە ۹ـی خەرمانانی ۲۷۲۲ ـی کوردی، هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردەشت، هەڕەشە لە بنەماڵەیەکی مەڕداری ناوچەی دەشتی وەزنێ دەکەن کە گوندی ئاڵواتان جێ بهێڵن.

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە گوندی ئاڵواتان بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: سێشەمە یەکەمی خەرمانان هێزە سنوورییەکانی ئێران لە دەشتی وەزنێی سەردەشت هێرشیان کردە سەر دەوارنشینێک ناسراو بە عبداللە دڵخاە و بە هەڕەشەو لێدان ویستیان کە ناوبراو و کوڕ کەی ــ ناسر دڵخواە ــ و کوڕەزاکەی ــ هێمن دڵخاە ـ کە ئیشی مەڕداریان هەیە رۆژانە تا پێش کاتژمێر ۵ـی ئێوارە مەڕو ماڵاتیان کۆبکەنەوە و چیدی ئاژەڵەکانیان لە دەشت و زێدی خۆیان نەلەوەڕێنن.
سەرچاوەکە دەڵێت: لەو هێرشەدا، چەکدارەکانی ئێران تەقەیان لە ئاژەڵ و سەگی ماڵباتی ناسر دڵخاە کردووەو چەند سەر مەڕیان لێ کوشتوون و لەگەڵ ناسر دڵخاە دەستەویەخەبوون و دواتر ناسر دڵخاە فیشەکێک بەر دەستی دەکەوێت و سەروازێکی سنووریش بریندار دەبێت.
لە دوای هێرشەکە و بە ناوەندگیری دانیشتوانی ناوچەکە ناسر دڵخاە و هێمنی کوڕی لەترسی گرتن و قوڵبەست کردن، ناوچەکە جێ دههێڵن و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
هەروەها سەرچاوەکە دەڵێت: رۆژی سێشەمە ٨ـی خەرمانان، بۆ جارێکیتر هێزە سنوورییەکان دێنە سەر ماڵی عبداللە دڵخاە و ئایشێی هاوسەری و دەڵێن دەبێت ناوچەکە جێ بهێڵن.
جێگای ئاماژەیە، ئایشێی هاوسەری عبداللە دڵخاە چەند ساڵ پێش بە هۆی تەقیەوەی مین لاقێکی لە دەست داوەو ئێستا جگە لە مەڕداری هیچ بژێوێکیان نییە و دەست کورت و بێ دەرەتانن و لە دوای هەڵهاتنی کوڕەکەیان، خەڵکی ناوچەکە یارمەتیان دەدەن بۆ بژێوی ژیانیان.
شایەنی باسە رۆژی چوارشەمە بۆ جاری سێهەم هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵدەکوتنە سەر ماڵی ئەم دەوارنشیە و بە توندی هەڕەشەی لێ دەکەن کە زێدی خۆیان جێ بهێڵن.
تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، چارەنووسی ناسر دڵخاە و کوڕەکەی ــ هێمن ــ نادیارە و دایک و باوکی بە ساڵاچووی وەیلان و دڵڕاوەکەی دۆخی منداڵەکەیانن.
م.ه

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *