ک.م.م.ک:
حوکمی زیندانی سومەییە کاریگەر هاوڵاتی خەڵکی ئیلام و نیشتەجێی تاران و خاوەنی بڕوانامەی فەلسەفە لە زانکۆی تەورێز، کە پێشووتر بەتۆمەتی “بەشداری لە بەڕێوەبردنی گرووپێکی نایاسایی و چالاکی پڕوپاگەندایی دژبە دەسەڵات”بە ٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو بە سزای نەخت و بەدانی ئەو بڕە پارەیە دۆسیەکەی داخرا و کۆتایی پێهات.
مستەفا نیلیی پارێزەری دادگا لە لاپەڕەی تویتێری خۆی نووسیویە: بەپێی ڕای پزیشکی یاسایی لەسەر ئەو بۆچوونەی کە خاتوو سومەییە کاریگەر توانای جێبەجێکردنی سزای زیندانی نییە، سزای ناوبراو بووە بە سزای نەخت و غەرامە و دۆسیەکەی کۆتایی پێهات.
شیاوی باسە کە، سومەییە کاریگەر لە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ی کوردی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ماڵی خۆی لە تاران دەستبەسەر و لە ڕێبەندانی هەمان ساڵ پاش ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢ی ئەلفی گرتووخانەی ئەڤین بۆ زیندانی قرچەکی وەرامین گوازرایەوە.
ناوبراو دواتر لە ٨ی گوڵانی ٢٧٢١ی کوردی، بەدانانی بارمتە تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگا ئازاد کرابوو.
ئەم هاوڵاتییە تووشبووی نەخۆشی دەگمەن و کەموێنەی چاوە لە ماوەی دەستبەسەریش لە دەستڕاگەیشتنی پزیشکی و دەرمان بێبەری بووە.
سومەییە کاریگەر لە کۆتاییدا لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو لە لایەن دادگای ئینقلابی تاران بە٦ ساڵ و ٨ مانگ زیندانی تەعزیری لە بریتی تۆمەتی بەشداری لە ڕێوەبەری گرووپێکی نایاسایی و پڕوپاگەندا دژی دەسەڵات، مەحکووم کرابوو.
ق.ش