ئیلام؛ کوتەک و لێدانی کچێکی قوتابی لەلایەن جێگری قوتابخانەی دواناوەندی لە شاری ئەیوان

ک.م.م.ک:

سێشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی، قوتابییەکی پلەی دواناوەندی بەناونیشانی موبینا ـ م خەڵکی شاری ئەیوان لە پارێزگای ئیلام بەمەبەستی تاقیکاری دیاریکردنی بواری خوێندن سەردانی قوتابخانەی کەوسەر دەکات و جێگری قوتابخانە بەبیانووی ئەوەی موبینا موبایلی لە گەڵ خۆی هێناوە، ناوبراو بەقورسی دەداتە بەر کوتەک و لێدان.

بەگوێرەی هەواڵەکە، جێگری قوتابخانەکە موبایل دەکوتێ بەڕوومەتی ئەم قوتابیەدا و بە شەقیش هەڵدەدات لە ڕانی موبینا، هەربۆیە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەوانەی ئورژانسی شاری ئەیوان بکرێت.

لە پشکنینە پزیشکییەکان هەڵماسان و رەش بوونەوە لە ڕوومەت و پێی سەلمێنرا و بەهۆی قورسی ئەو زەبرانەی لێی درابوو، موبینا ڕەوانەی ناوەندی پارێزگا دەکرێت.

باوکی موبینا سەبارەت بەم ڕووداوە کوتوویە؛ کچەکەی بەهۆی شۆک و ئەو زەبرانەی لێی دراوە گەردن و چەناکەی لە دۆخێکی ناجێگیردایە و توانای خواردنی ئەو دەرمانانەی نییە کە پزیشک بۆی تەرخان کردووە و ناوبراو ناچار بووە سەرلەنوێ موبینا بۆ ویزیت کردن بباتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیوان کە دوکتۆر بۆ ناوبراو سرۆمی خۆراکی و پلاسلێت(ئاتێل)ی نووسیوە.

باوکی موبینا لە درێژەدا کوتوویە؛ سەرڕای ئەوەی سەرۆکی پەروەردە و فێرکاری هەر لە یەکەم کاتژمێری دەسپێکەوە ئاگاداری ڕووداوەکە بووە، بەڵام هیچ هەڵسووکەوت و دەستپێشخەرییەک لەلایەن ناوبراوەوە نەهاتۆتە ئاراوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *