هەڵسوکەوتی هۆڤانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەڕ خویندکارێکی کورد بۆ دان پێدانانی تاوانەی نەکردوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەفسانە بایەزیدی، چالاکی خویندکاری کوردی خەڵکی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ماوەی ۱۱ ڕۆژ لە ئاودەستەکانی ئیدارەی ئیتلاعەتی ورمێ بەند کراوە.
ئامینە دەروێشی دایکی ئەم چالاکە خویندکارە ئەم هەواڵەی پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: ئامانجی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئێران لە بەند کردنی ئەفسانە لە تەوالتدا، وەرگرتنی زۆرە ملی ئێعتراف بوە، بۆ تاوانێکی نەکراو؛ و دەڵێت: (هەر لەو تەوالتەدا خواردن بە کچەکەی دراوە، و هوڤانەتەرین ئەشکەنجەکان لە سەر کچەکەی بەڕێوەبردوە)
ئامینە دەروێشی لە چوار چێوەی یاسای ئێراندا بۆ دژایەتی لە مەڕ ئەم کردەوەی ئیدارەی ئیتلاعات سکاڵای دژ بە ئیدارە ئیتلاعات تۆمار کردوە، بەڵام هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هەڕەشە کردن لە دایکی ئەم خویندکارە کوردە، ئاستەنگیان دروس کردوە لە مەڕ بەدواداچونەوەی قەزایی ئەم دۆسیە.
ئەم خویندکارە کوردە بە تاوانی «کورد بوون»،«پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئێسلامی ئێڕان»،«سوکایەتی بە شکۆی ڕێبەری» و «هاوکاری کردن لە گەڵ پارتێکی کوردیدا» لە لایەن دادوەر (جەوادی کیا) لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری مهاباد بە چوار ساڵ زیندان و دورخستنەوە بۆ شاری کرمان سزا درا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان