قەیرانی كه‌می ئاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەترسیدارە

بە پێی هەواڵی گەیشتو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: پارێزگای سنە بە دارا بوونی ۷ لە سەدی ئاوە سەرخانەکان لە ئێراندا و ڕێژەی بارانی دوو بەرابەری ئێران لە ماوەی یەک ساڵدا و هەبونی بەنداوگەلێکی زۆر، بەڵام ئێستا لە گەڵ قەیرانی کەم ئاوی و بێ ئاوی لە گوند و شارەکاندا رووبەڕوو بوەتەوە. ئەگەر چی ئێستا کێشە بێ ئاوی و کەم ئاوی، ئاوی خواردنەوە لە کوردستان قەیرانی دروست کردوە، بەڵام بەشی کشت و کاڵی کوردستان ۱۰ ساڵ لەمەو پێش توشی قەیرانی بێ ئاوی بوە، بە شێوەیەک کە ڕێژەی کەم ئاوی و بێ ئاوی لە دۆخێکی مەترسی داردایە.

بەرپرسی گشتی شرکەتی ئاو و زێرئابی گوندەکانی سنە گوتویەتی: هەنوکە ٦۰۰ گوندی پارێزگای سنە بە شێوەیەکی مەترسیدار کێشەی کەم ئاوی و بێ ئاویان هەیە.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات لە کۆی ۱۷۰۰ گوندی پارێزگای سنە ٦۰۰ گوند قەیرانی کەم ئاویان هەیە بە جۆرێک کە لە ۲٤کاتژمێر ۲ کاتژمێر ئاوی خواردنەوەیان هەیە.

ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگای سنە یەک ملوین و حەوت سەد کەسە، کە لە ئێستادا ۷٥۰ گوندی لە ژێر چاوەدێری شرکەتی حکومەتی ئابفار (آبفار) دان و هەر وەها ڕێژەی بەهرەمەندی لە ئاوی پاک و خاوێن بە پێی پێوەرەکانی ئاوی خواردنەوە لەم پارێزگایەدا ۸۰ لە سەدەی پارێزگا دەگرێتەوە.۳۰ گوندی دیکە بە هۆی پیس بوونی سەرچاوە ئاویەکانەوە و هەر وها بێ ئاوی بە هۆی وشکە ساڵیەوە، لە مانگی ڕابردوودا بە تانکر ئاویان پێگەیشتوە.

قەیرانی بێ ئاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە حاڵێکدایە کە حکومەتی ئێران دەتوانێت بە قوڵتر کردنی بیرە ئاوەکان، هەر وەها زۆرتر کردنی سەرچاوە ئاویەکان و بە کارهێنانی ئاوی بەنداوەکان بۆ ناو خۆی ئەم پارێزگایە، کێشە بێ ئاوی چارە سەر بکات.

جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کەوێڕای ڕێژەی زۆری بەنداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی کوردستان قەیرانی ئاوی خواردنەوەیان هەیە؛ لە حاڵێکدا بەشی زۆری ئاوی کوردستان هەناردە دەکرێت بۆ بەشەکانی دیکەی ئێران.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان