ک.م.م.ک:
بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، شەممە یەکی گەلاوێژی ٢٧٢٢ی کوردی، هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری ماڵتەی سەر بە بانە گرووپێک کۆڵبەر دەکەنە ئامانجی چەکەکانیان و لە ئەنجامدا دوو برای کۆڵبەر کوژران و برینداربوون.
ناونیشانی ئەم دوو کۆڵبەرە عەلی یوونسی و سەعدوڵڵا یوونسی ٢٥ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی گڵەسوورە ـیە.
بە پێی هەواڵەکە، ئەم دوو برا کۆڵبەرە بۆ چارەسەری ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری بانە کراون. بەڵام سەعدوڵڵا بە هۆی قوڵی برینەکەی گیانی لە دەست دا و عەلی یوونسی لەژێر چاوەدێری وردی پزیشکیدایە.
هەروەها هەینی ٣١ی پووشپەڕـیش ئەمیر لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە بەتەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێی برینداربوو.
ناوبراو هەنووکە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.
ق.ش


