ک.م.م.ک:
یەکشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی، ژنێکی ٥٠ ساڵ تەمەن بەناوی گوڵجەمین نەجەفی، کچی عەبدوڵڵا، خەڵکی بوشی گەهوارە، سەر بە شاری داڵاهۆ لە لایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.
بە پێی هەواڵەکان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٨ی پووشپەڕ، گوڵجەمین نەجەفی لە لایەن هاوژینەکەیەوە «عەلی ڕەزایی» کوتەک و لێدانی خواردووە و کاتژمێر ١ی سەرلەبەیانی لە لایەن ناوبراوەوە کوژراوە.
عەلی ڕەزایی پاش کوشتنی گوڵجەمین، تەرمەکەی بۆ دوو کیلۆمەتر دوورتر لە شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ گوندی «بانی بیی» بردووە و وەکوو سناریۆیەک بە ماشین بەسەریدا ڕۆییوە و پاشان ڕایگەیاندووە کە هاوژینەکەی پێکدادانی کردووە( پێکدادان بە کەرەستەی هاتووچۆ).
بەڵام پۆلیسی ڕێگەوبان و کارناسانی ئەو دامەزراوە، سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و پاش لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی کارناسانە ڕایانگەیاند کە گوڵجەمین نەجەفی بە هۆی پێکدادان گیانی لە دەست نەداوە و کوژراوە.
گوڵجەمین نەجەفی خاوەنی سێ کچە کە هەر سێ کچەکەی ژیانی هاوسەرگەرییان پێک هێناوە.
ق.ش