هادی ڕۆستەمی، زیندانی مەحکووم بە بڕینەوەی ئەندام، بۆ زیندان گەڕێنرایەوە

ک.م.م.ک:

شەممە١٤ی پووشپەڕی٢٧٢٢ی کوردی، هادی ڕۆستەمی، ٣٥ساڵ تەمەن، کوڕی ناسر، خاوەنی منداڵێک و خەڵکی ئیلام بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ ڕاگوازرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم زیندانییە کە مەحکووم بە بڕینەوەی چوار قامکی دەستی ڕاستە، لە بەندی ئەمنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ گەڕێنراوەتەوە.

ئەم زیندانییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ، پاش کوتەک و لێدان لە لایەن هێزەکانی زیندانی تارانی گەورەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگوازرابوو. لە ڕەوتی کوتەک و لێدانی ئەم زیندانییە لە لایەن هێزەکانی ناو زیندانەوە ددانێکی شکاوە و هەروەها سنگ و لووتیشی بە زۆری خەساری پێگەیشتبوو.

هادی ڕۆستەمی لە ڕێکەوتی ٢٥ی گوڵانەوە بە هۆکاری نادیار، لە زیندانی ناوەندی ئێران لە ورمێ بۆ زیندانی تارانی گەورە ڕاگوازرا.

هادی ڕۆستەمی لە کۆتاییەکانی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە ناڕەزایەتی دژی گواستنەوەی بۆ زیندانی تارانی گەورە و درێژەی چاوەڕوانی و هەڵپەسێردراوبوونی دۆخی خۆی لە زیندان بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ دەستی دابوویە مانگرتن لە خواردن.

شیاوی باسە کە ئەم زیندانییس لە لقی سزاکانی یەکی دادگوستەری پارێزگای ورمێ بە قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاست و چەندد میلیارد گەڕانەوەی پارە و سامانی خەڵک بۆ خاوەنەکانیان مەحکووم کراوە.
ئەم حوکمە لە لقی ١٣ی دیوانی باڵای وڵات وەکوو خۆی پشتڕاست کراوەتەوە و بۆ جێبەجێ کردن بۆ لقی ٨ی جێبەجێکاری دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئێران لە شاری ورمێ ڕاگەیەنرا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *