دەستبەسەری هێمن مام قادری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

ک.م.م.ک:

شەممە چواری پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی، چالاک و زیندانییەکی سیاسیی خاوەن پێشینە، خەڵکی شاری بۆکان بە ناونیشانی هێمن مام قادری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بە پێی وتەکانی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو: دەستبەسەری هێمن مام قادری بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە هاتۆتە ئاراوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، هێزە ئەمنییەکان ناوبراویان بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی ئێران لە ورمێ ڕاگواستووە.

هەروەها تاکاتی ئامادە کردن و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەری و ئەو تۆمەتانەی دژی ئەم زیندانییە خاوەن پێشینەیە دەکار گیراون نەزانراوە.
هێمن مام قادری پێشووتر لە ڕێکەوتی٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ی کوردی، پاش تەشەنەو گشتگیربوونی ڤایرۆسی کرۆنا و لە لێبوردنێکی گشتیدا لە زینانی حکوومەتی ئێران ئازاد کرابوو.

شیاوی باسە کە، ناوبراو ڕێکەوتی٢٦ی گوڵانی ٢٧١٧ی کوردی، بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی ئێرانی و پڕوپاگەندە دژی دژی دەسەڵات لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەیەکی ئەم دامەزراوە ئەمنییەی ئێران لە سنە ڕاگوازرابوو.
پاشان ناوبراو پاش کۆتایی خولی لێپرسینەوە بۆ زیندانئ ئێران لە بانە و دواتر بۆ زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقز ڕاگوازرا.

شیاوی باسە کە، دادگای ئینقلانی ئێران، بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی دژبەری ئێران ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەر هێمن مام قادری ـ دا سەپاند و لە تۆمەتی محاربە پەڕانیەوە.
لە دادگای سەرەتایی و بە دەنگی دیوانی باڵای حکوومەتی ئێرا حوکمی هێمن مام قادری بۆ پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری داشکاو و ناوبراو بۆ زیندانی ئێران لە شاری بۆکان ڕاگوازرا.

ق.ش

Leave a Reply

%d bloggers like this: