سوعدا خدیرزادە ڕۆژێک دوای منداڵ بوونی گواسترایەوە بۆ زیندان

ک.م.م.ک:

هەینی 3ی جۆزەردانی 2722ی کوردی، ژنە زیندانی سیاسی، سوعدا خەدیرزادە کە دووشەممە 30ی جۆزەردان منداڵەکەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ لەدایک ببوو، پاش ڕۆژێک لە نەشتەرگەریی سزارییەن، ڕۆژی سێشەممە 31ی جۆزەردان، بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ گەڕێندرایەوە.


بەپێ ڕاپۆرتەکان، ئێستا پانسمانی نەشتەرگەرییەکەی لەلایەن هاوبەندییەکانیەوە گۆڕدراوە و بنەماڵەی نەیانتوانیوە لەگەڵ سوعدا چاوپێکەوتن بکەن و تەنانەت لە دۆخی تەندروستیی ئەو زیندانییە سیاسییە ئاگادار نین.


هەووەها تۆمارکردنی کاروباری ئیداری بۆ باری کەسیەتی (شناسنامە) بۆ کوڕەکەی سوعدا خراوەتە پاش ئازادبوونی لە زیندان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە، ناوبراو لە ڕێکەوتی30 جۆزەردانی 2722دا، بە بۆنە ئازاری زۆر لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ، بۆ ناوەندێکی دەرمانی ئەو شارە ڕاگوازراوە و لە ئەنجامی نەشتەرگەری سزاریەن منداڵەکەی لە دایک بووە.


شیاوی باسە، گواستنەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە دووگیانە بۆ ناوەندی دەرمانی لە کاتێکدا دا بووە کە دوو حەفتە لە کاتی دیاری کراوی لە دایکبوونی منداڵەکەی تێپەڕیبوو و بە بۆنەی ئازارێکی زۆر کە سوعدا خەدیرزادە هەیبووە، ناچار بوون بۆ دەرەوەی زیندانی بگوازنەوە.

سوعدا خەدیرزادە بۆ ماوەی 8مانگە کە لە دەستبەسەریدایە و سەرەڕای دووگیان بوون و ئازاری جەستەیی دیکە وەکوو کێشەی گورچیلە، دڵ و بڕبڕەی پشت، لە شوێنی ناخاوێنی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ ڕاگیراوە و لە دەستڕاگەیشتن بە پاراستن و چاوەدێری پسپۆڕی پزیشکی بێبەرییە.


شیاوی باسە، سوعدا خەدیرزادە لە گوڵانی ئەمساڵ بۆ ماوەی 11ڕۆژ لە ناڕەزایی دژ بە بەردەوامی دۆخی هەڵپەسێردراوی خۆی لە زیندانی ئێران لە ورمێ دەستی دابوویە مانگرتن لە خواردن و لە کۆتاییدا بە بۆنەی بەڵێنی بەرپرسانی زیندان لەهەمبەر ئازادی کاتی بەدانانی بارمتە دەستی لە مانگرتنەکەی هەڵگرتبوو.


سوعدا خەدیرزادە لە ڕێکەوتی 22ی ڕەزبەری 222ەی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا.
ناوبراو پاش 12 ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا و هەنووکە لە بەندی ژنانی ئەم زیندانەدایە.


سوعدا خەدیرزادە لە کاتی دەستبەسەریدا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و بەرپرسانی زیندان هیچ کام لە بەڵێنەکانیان پاش کۆتایی هێنان بە مانگرتن لە خواردنی ناوبراو جێبەجێ نەکردووە.


ع. س و ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *