بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: سەفییە سادقی، بەندکراوی سیاسی هەنووکە لەشەشەمین ساڵی تێپەڕاندنی حوکمەکەی دایە، هاوکات بێ بەش لە چارەسەری پزیشکی و مافی پشوو (مەرەخەسی) لە زیندانی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە سەفییە سادقی زیندانی سیاسی کورد خەڵکی سەڵماس لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای نالەباری ڕەوشت و تووشبوونی بە نەخۆشیگەلی دڵ وگورچیلە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی حوکمە ۱٥ساڵەکەی لەبەندیخانەی سنە ڕاگیراوە. ئەمە لەحاڵێکدایە کەئەم زیندانییە سیاسییەی لەمافی پشووی دەرمانی وڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە لەماوەی ٦ساڵی ڕابردوو بێ بەهرە بووە وهەنووکەیش لەدۆخێکی نالەباری جەستەیی ژیان دەکات.
بەگوێرەی باسەکان ڕەوشتی گورچیلەی ناوبراو لەدۆخێکدایە کە ئەگەری لەدەست چوونی یەکێک لەگورچیلەکانی لەئارادایە وبەشی تەندرووستی بەندیخانەی سنە کەرەستی پێویستی بۆچارەسەری لێ نییە.
ئەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بەچارەسەری تایبەت و پسپۆڕانە هەیە پێویستە ڕاگوێزی دامەزراوە پسپۆڕی یان نەخۆشخانەکانی ناحکوومی لەدەرەوەی زیندان بکرێن. ئەو نەخۆشخانەیە دەبێ خاوەنی کەرەستەی پێویست. قەرەوێڵەی بەتاڵ، دەوا ودەرمانی بەکەڵک وهەروەها پزیشکی پسپۆڕ وڕاهێنراو بۆپاراستنی پزیشکی ودەرمانی لەبەندکراوی ناتەندرووستی هەبێت.
سەفییە سادقی، خەڵکی شاری سەڵماس، لەخەزەڵوەری ساڵی ٨۹ لەلایەن هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری سنە دەستبەسەرکرا و نێزیک بە ٤مانگ ونیو لەگرتووخانەی ناوەندی هەواڵ (ستاد خبری) ئیتلاعاتی سنە لێپرسینەوە وئەشکەنجەی لەسەرکرا.
دادگای شۆڕشی شاری سنە بە بەرپرسایەتی دادوەر بابایی ناوبراوی بەتۆمەتی محاربە لەڕێگەی ئەندام بوون لەیەکێک لەحیزبە کوردییەکان لە کۆڕێکی محاکمەی چەندد خولەکی ۱٥ساڵ حوکمی بەسەردا سەپاند.
جێگەی باسە ئەم بەندکراوە ساسییە لەو ماوەیەی لە گرتووخانەبووە لە مافی پێوەندی گرتنی تلەفۆنی وچاوپێکەوتنی بنەماڵە بێ بەش بووە وبۆوەرگرتنی زانیاری ودان پێدانان لەو ماوەیە کەوتۆتە بە ئەشکەنجە ولێدانی گران لە ژوورە تاکە کەسییەکان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان