ک.م.م.ک:
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، چوارشەممە 18ی جۆزەردانی 2722ی کوردی، لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئیلام دوو زیندانی بە ناوەکانی خەسرەو تارەک و کەمال بەیانی ڕاد، بەرەبەیانی لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران لە سێدارە دران.
جێی باسه که، پێشتر کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان هەواڵی لەسێدارەدانی سەتار ئەرغەنده خەڵکی شاری مەلێکشاهی له هەمان زیندان و لەهەمان ڕێکەوت دا بڵاوکردبووه.
جێگای ئاماژەیە، کە سەتار ئەرغەندە 2 ساڵ، خەسرۆ تارەک ماوەی 7 ساڵ و کەمال بەیانی ڕاد 5 ساڵ لەمەوبەر، هەرسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەسەت لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە سزای لەسێدارەدان مەحکووم کراون.
هەر لەو ئاراستەیەدا لە ڕێکەوتی 18ی جۆزەردان دا، لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان، زیندانییەکی بەناوی درود یووسف بەیگی تەمەن 33 ساڵ کە چوار ساڵ لەمەوبەر بە تاوانی کوشتن سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو، لەسێدارەدرا.
جێی تێبینیه که ناو و هەواڵی پەیوەست بەجێبەجێکردنی لەسێدارەدرانی ناوبراوەکان لەلایەن سەرچاوە ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و میدیاکانی ناوخۆی ئەو ووڵاتەوە ڕاگەیەندراوە.
ع.س