ک.م.م.ک:
دووشەممە 16ی جۆزەردانی 2722ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی جەلال قادریزاد،کوڕی عەبدوڵا و خەڵکی گوندی نالۆسی سەر بە شاری شنۆ بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانیکردنی گوازرایەوە بۆ زیندانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکە.
جێی ئاماژەیە کە، ناوبراو لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شنۆ بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزایی، بەتۆمەتی ئەندامێتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لەپارتە کوردەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە و لە ڕێکەوتی 6ی خاکەلێوە حوکمە بۆی ڕاگەیەندراوە.
جێگای باسە کە، دوای تەسلیم بوون بە حوکمەکە، سزاکە کەمکرایەوە بۆ دوو ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن.
ڕۆژی دووشەممە 11ی گەلاوێژی 2722 کوردی دا، جەلال قادری زاد، بەبێ فەرمانی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ لێپرسینەوە گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی حکوومەتی ئێران لە ورمێ.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم هاوڵاتییە سێشەممە 2ی خەرمانان بە دابینکردنی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە زیندانی کۆماری ئیسلامی لە شاری شنۆ ئازاد کرا بوو.
جەلالی قادری زاد، لە ماوەی دەسبەسەری دا لە مافی دەسپێگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسووکاری بێبەری کرا بوو.
ع. س