ک.م.م.ک:
بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئارام فەهیمی برای ناسر فەهیمی زیندانی سیاسیی ڕۆژی حەوتی گوڵان ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە پێوەندی پێوە دەکەن و پێی دەڵێن دەبێ ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی گوڵانی ٢٧٢٢ی کوردی، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەیت بەر لەوەی خۆمان دەستبەسەرت بکەین.
بە گوێرەی هەواڵەکە ئارام فەهیمی پاش چوونی بۆ ناوەندە ئەمنییە ماوەی ٣کاتژمێر لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی گرانی لێدەکرێ بەتایبەتی لەسەر بابەتی براکەی(ناسر فەهیمی) و پێوەندی لە گەڵ ڕاگەیەندنەکاندا و پاشان گوشاری زۆری دەخەنە سەر و ناچاری دەکەن بەڵێننامەی نووسراوەیی بدات کە نابێ هیچ چەشنە پێوەندییەکی لە گەڵ ڕاگەیەندنەکان هەبێ و دەنگی براکەی بگەیەنێتە دەرەوە و لە ئەگەری دووپات بوونەوەدا بۆ ماوەی مانگێک دەستبەسەر دەکرێت لە گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعات.
ق.ش